شارپرێس:
مارک ڕوتە سکرتێری گشتیی ناتۆ، هۆشدارییدا کە ئەگەر چین هێرشبکاتەسەر تایوان، ئەوا ڕوسیا هێرشدەکاتەسەر وڵاتانی ناتۆ لەئەوروپا بۆ پەرشوبڵاوکردنی سەرنجی ڕۆژئاواو هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانیی سێیەم.
ڕوتە پێیوایە، پەیوەندیی نێوان شی جین پینگو ڤلادیمێر پوتن بێ سنورەو پێکەوە کاردەکەن.
پێشبینییەکەی ڕوتە لەگەڵ ئەو ڕاپۆرتانەدا یەک دەگرێتەوە کە باس لەوەدەکەن، شی ناتوانێت شکستەکانی ڕوسیا لەئۆکرانیا قبوڵبکات، هەروەک بەرپرسانی ئەمریکاو تایوان پێشبینیدەکەن چین تا ساڵی 2027 هێرشبکاتەسەر دورگەکە.
ڕوتە ئاماژەی بەوەدا، هاوپەیمانێتیی ڕوسیا-کۆریای باکور لەجەنگی ئۆکرانیادا دەرکەوتوە، کە کۆریای باکور سەربازی ناردوەو ڕوسیاش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بەکارهێناوە.
هەروەک یەکێتیی ئەوروپا کۆمپانیا چینییەکانی بەپشتگیریکردنی کۆمەڵگەی سەربازیی ڕوسیا تۆمەتبارکردوە.
بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی جەنگی جیهانیی، ڕوتە داوای لەوڵاتانی ناتۆ کردوە خەرجییە بەرگرییەکانیان زیادبکەنو هێزە سەربازییەکانیان بەهێزبکەن بۆ ترساندنی ڕوسیاو کۆنترۆڵکردنی چین لەناوچەی زەریای هیندیو هێمن.
سکرتێری گشتیی ناتۆ هەروەک جەختی لەوەکردوهتەوە، پەیوەندیی نێوان ناوچەکانی زەریای هیندیو هێمنو زەریای ئەتڵەسی زیاتر دەبێتو ناتۆ ناتوانێت بەڕێژەی 2%ی کۆنی خەرجی بەرگرییەوە، بەرگریی لەخۆی بکات.
