شارپرێس:
دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند، هەموو کاندیدهكانى هەڵبژاردنو سەرۆکی حزبەکانی بەشدار لەهەڵبژاردنى پهرلهمانى عێراق، ناچاردەکرێن بەپێشکەشکردنی ڕاپۆرتی ئاشکراکردنی سەروەتو سامانهكانیان.
بهگوێرهى ئهو وادهى پهرلهمانى عێراق دیاریكردوه 11ى 11ى ئهمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدهچێت، ڕۆژی 26ى 6ى ئهمساڵیش دوا وادەبوو بۆ وەرگرتنی ناوی کاندیدان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە.
محەممەد عەلی لامی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر هەموو کاندیدو سەرۆکی حزبێکی بەشدار لەهەڵبژاردنەکان پێویسته، ڕاپۆرتی ئاشکراکردنی سەروەتو سامانهكانیان پێشکەش بەدەستەکە بکەن.
ئهوهشى ڕونكردهوه، لەگەڵ کۆمسیۆنو دەستە، تیمێکی هاوبەشی مەیدانی دروستدەکەن بۆ چاودێریکردنی ئەو پێشێلکارییانەی لەکاتی بانگەشهدا تۆماردهكرێن.
بهوتهى سەرۆکی دەستەكه، ژمارەى هێڵى گهرمى (5080) دیاریکراوە بۆ وەرگرتنی سکاڵاکانو پەیوەندیکردن بێبەرامبەرە.
لهوبارهیهوه مەروان محەممەد بەرپرسی لقی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان وتویهتى، "ئەم ڕێکارە یەکەمجارە لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە پەیڕەو دەکرێت".
ئهوهشى وتوه، "ئهمهش بۆ ئەوەیە سەرچاوەی دارایی کاندید دیاربێتو دەرکەوێت ئەو پارەیەی بانگەشەی پێدەکات سەرچاوەکەی لەکوێوەیە، ئەمەش جگەلەوەی کۆمسیۆن خۆی یاسایەکی هەیە بەناوی (خەرجی هەڵبژاردن) بهگوێرهى یاساکە هەر کاندیدو حزبێک ڕێژەیەکی بۆ دیاریکراوە کە لەبانگەشە بەکاریدەهێنێتو دەبێت ئەو لایەنە لەگەڵ کاندیدەکە هەژماری بانکییان هەبێتو پارەکەی دیاربێت".
