شارپرێس:
بانکی ناوەندیی عێراق وردەکاریی پڕۆژەی "کارتی ناوخۆیی"ی نوێی ئاشکراکرد کە سیستەمێکی پارەدانە بەدیناری عێراقییو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بەکرێیەکی کەم بەڕێوەدەبرێت، تەنها لەناو عێراق کاردەکاتو پێویستی بەتۆڕە نێودەوڵەتییەکان نییە وەک ڤیزاو ماستەرکارد.
سەرچاوەیەک لەبانکی ناوەندیی ڕایگەیاندوە، ئەم کارتە بەکارهێنانی کارتە نێودەوڵەتییەکان هەڵناوەشێنێتەوە، بەڵکو بژاردەیەکی زیادە بۆ هاوڵاتیان دابیندەکات، چونکە دەتوانن کارتی ناوخۆیی بۆ بەکارهێنان لەناو وڵاتو کارتی نێودەوڵەتیی بۆ بەکارهێنان لەدەرەوەی وڵات بەدەستبهێنن، هاوشێوەی چەمکی پەیوەندییە ناوخۆییو نێودەوڵەتییەکان.
ئاماژەی بەوەشدا، زۆرێک لەوڵاتان کارتەکانی پارەدانی ناوخۆیی تایبەت بەخۆیان هەیە، وەک "مەدا" لەسعودیە، "میزە" لەمیسر،"MIR" لەڕوسیاو چەندانی تر، جەختی لەوەکردەوە، ئەم کارتانە وەک هەر کارتێکی تر بۆ ڕاکێشانو کڕینو لەڕێگەی ئامێرەکانی ATM و خاڵەکانی فرۆشتن کاردەکەن.
ئەوەشی وتوە، کارتی ناوخۆیی تەنها بەدیناری عێراقی کاردەکات، لەکاتێکدا مامەڵە بەدۆلار یان دراوە بیانییەکانی تر لەڕێگەی کەناڵە نێودەوڵەتییە ئاساییەکانەوە بەردەوامدەبێت.
جەختیشیکردوهتەوە، ئامانجی پڕۆژەکە کەمکردنەوەی پشتبەستن بەکاش، پشتگیریکردنی تەوتینکردنی موچە بەشێوەی ئەلیکترۆنیو زیادکردنی شەفافیەتە کە بەشێکە لەچاکسازییەکانی گەشەپێدان لەعێراق.
سەرچاوەکە ڕونیشیکردوهتەوە، عێراق لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان هاوکاریی دەکات بۆ بونیادنانی ژێرخانی تەکنیکی پێویستو بانکی ناوەندیش پێشتر دابەشکارێکی نیشتمانی پێشکەوتوی هەیە.
جەختی لەوەشکردەوە، عێراق بەدوای گۆشەگیریدا نییە، بەڵکو بەدوای هەمەچەشنکردنی کەناڵەکانی پارەدانو پاراستنی داتاکانی مامەڵە ناوخۆییەکانی دینارە لەفشارە دەرەکییەکانو بەهێزکردنی ژێرخانێکی بانکی یەکگرتوو لەگەڵ جیهان.
هەروەک ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ هەوڵەکانی ئەمریکا لەساڵی 2020وە دێتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی مامەڵەکردن بەدۆلارو کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی پابەندنەبون کە شەفافیەتی ناوخۆیی بەهێزدەکاتو سیستەمی بانکیی لەکۆتوبەندەکانی مامەڵەکانی دۆلار دەپارێزێت کە بۆ جوڵەی دینار جێبەجێنابن.
