شەش پێشنیار بۆ بە دەرفەتکردنی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان

توێژینەوە و شیکاریی

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 56 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 * بەهرۆز جەعفەر
مایەی نیگەرانییەکی زۆرە کە مرۆڤ خۆشەویستی بۆ نەتەوەو نیشتیمانەکەی خۆی هەبێت؛ بە ئاگاو خوێندەواربێت، دوژمنەکانی بناسێت، بەڵام نەتوانێت و ڕێگەی نەدرێت خەبات بۆ گەلەکەی خۆی بکات.
بۆچی گەیشتین بە ئێستا؟ چوونکە دامەزراوەی نیشتیمانیی و ئابوریی و سیاسیی و هزریی بەهێزمان نەبوو، لەبری ئەوە بە ئەنقەست کایەکانی حیزب و میدیاو حوکمڕانیی پڕکران لە کەسانی هەلپەرست و ماستاوچی و نەخوێنەوار؛ هەر بەمجۆرە بە تیمی لاواز و بەبێ ستراتیجێکی یەکگرتووی نیشتیمانیی چوون بۆ کەرکوک و بەغدا.
لەگەڵ ئەمەشدا، هەر لە ڕۆژانی ١٧ ی شوباتی ٢٠١١ ەوە تا ئێستا لە ژێر ناوی ئۆپۆزسێون و دەنگی ناڕازییدا دونیای ئێمە پڕبوە لە کەسانی ساختەچی و هاتوهاوار-کەر؛ شاتە-شاتی بەلاش؛ ئەمانە لەژێرناوی دژایەتی پارتی و یەکێتی دا خوول لە دوای خوول دەبنە پەرلەمانتار و دۆخەکەش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێ؛ بەکورتییەکەی ئەم کۆمەڵە کەسە کە گوایە سەر بە حیزبەکانی دەرەوەی دەستەڵاتن لەسەر ئازار و نەهامەتییەکانی خەڵک دەژین.. هیچ پەرلەمانتار و حیزبێکی بەناو ئۆپۆزسیۆنی کوردیی ورتەیەکی لەبەرانبەر دزیی سەدە لێوە نەهات، کە لەناو بانکی ناوەندیی عێراقدا لە پڕ (٢.٥) دوو ملیارو نیو دۆلار دزراو بردرایە دەرەوە! خەڵکی کوردستان تێری خواردوە لە دەنگە-دەنگ و پەنجە بادانی سەر شاشەکان، ئەوانە ناچنە بەغدا بۆ سەندنی حەقی کورد؛ دەچن لەسەر کەناڵەکانی حەشد قسە بەهەرێمی کوردستان دەڵێن (خۆیان دەڵێن پرۆژەی ئێمە ئەوەیە). 
سەدان نموونەی بەرچاو هەن، دەیسەلمێنن هەرێمی کوردستان کێشەی سیاسیی قووڵی لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی بەغدا هەیە، کێشەکان نە تەکنیکیین نە ئیداریی. یەکێک لەو نموونانە حەشدی شەعبی یە؛ ژمارەیان لە (٢٠١٩) دا (١٤٠ هەزار) کەس بوە، لە (٢٠٢٤) دا گەیشتوە بە (٢٣٧ هەزار کەس) ئەمە بارگرانییەکی گەورەیە لەسەر بودجەی هەموو عێراق بە کوردستانیشەوە؛ لەکاتێکدا وڵاتەکە وەزارەتی بەرگریی هەیە، حەشدی بۆچی یە! ماوەی دە ساڵە لە هەرێمی کوردستان کەس لەسەر میلاکی حکومەت دانەمەزراوە، بەڵام ساڵانە لەژێر دەستەڵاتی پارێزگانی حکومەتی ناوەندیی دا سەدان هەزار کەس دادەمەزرێندرێت.. لە نەینەوا بە ئەنقەست دەیان هەزار کورد بێبەش دەکەن لە قەرەبووی مادەی (١٤٠) لە سنوری پارێزگای دیالەو حەمرین هەر بە پێچەوانەی دەستوورەوە دەیانەوێ دیمۆگرافیای ناوچە کوردنشینەکان بگۆڕن و قەرەتەپە بکەن بە قەزا! لە سلێمانی بەتایبەت و  هەرێمی کوردستان بەگشتی سەرمایەدارە کوردەکان دەیان هەزار شووققەیان بۆ عەرەب درووستکردوە ( وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان خۆی وای وت) و، ئێستا لەم قەیرانەدا حەشد دێن خەریکی ڕابواردنن!
زانیارییەکان زۆر لەوە ترسناکترن کە ئامرازەکانی میدیا باسی دەکەن، دۆخەکە لەوە واوەتره کە لای سەرەوە ئاماژەی پێکرا، هەڕەشەکان لە شوێنی دیکەوەن. بۆیە لای خوارەوە (٥) پێشنیاری بەپەلە وەک پێنج کارتی بەهێز بۆ پەڕینەوەی کوردستان لەم تەنگژەیە دەخەمەڕوو:
یەکەم/ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێستا یان سبەی کۆبونەوەیەکی بەپەلە ڕێک بخات بە بەشداریی هەموو حیزبەکان، هەرکەس بەشداریی نەکرد ئەوە دەردەکەوێت ئەخلاقی خۆی و خانەوادەکەشی چەند بوەو بە دوای چی کەوتوه. لەم کۆبونەوەیەدا سەرۆک کۆماریش داوەت بکرێت؛ سادەترین ئەنجام ئەوە بێت کە « کورد بەشداریی هەڵبژاردنی عێراق ناکات»، سەدر یش بەشداریی ناکات، عەبادیش ڕایگەیاندوه کە بەشداریی ناکات، نیوەی سووننەکانیش بەشداریی ناکەن، با ئەو عێراقە بۆ ئەبو عەلی عەسکەریی و قەیس خەز عەلی چۆڵ بێت، بەمجۆرە ماڵی شیعیی لە عێراقدا دەبێتە چەند لەتێکەوە.
دووەم/ ئەگەر بەغدا نیەتی نییە؛ هەرێمی کوردستان خۆی- بۆ- خۆی مووچەیەک بدات؛ مووچەیەک بدەن؛ عەیبە هەر یەکەو چەند ملیار دۆلارێکتان خستۆتە گیرفانتان و میللەتەکەش برسییەتی و بازاڕەکانی کوردستان تەنها عەرەب و حەشدەکان شتی تیا دەکڕن! مووچەیەک- یان دووان بدەن.
سێهەم/ تیمێک بە داتاو زانیاریی وردەوە بەرەو واشنگتۆن بە ڕێ بکەوێت؛ سیاسەت لە سەدەی ٢١ دا وەک ئەندامەکانی جەستە وان، دەبێت هەموو بەشەکان ئیش بکەن و لەیەککاتدا بجووڵێن. ڕاستە واشنگتۆن لە هەولێر و بەغداش نوێنەرایەتی هەیەو تۆزێکی ئاگایان لەم نووسینەش دەبێ کە بە کوردیی بڵاو دەبێتەوە؛ بەڵام ئەوەی لە دەرەوە دەکرێ و دەوترێ بە بێدەنگی شتێکی دیکەیە.
چوارەم/ محەمەد سوودانی کە ئێستا خۆی گیڤ دەکاتەوەو، لەسەردەمی ئەودا بە بێدەنگی زۆرترین گورز لە هەرێمی کوردستان وەشێندراوە، بەپاڵپشتی کورد و پیاهەڵدانی خودی بارزانی بەشان و باڵیدا بوەتە ئەم ژمارە عەنتیکەیە دەست بخاتە ناقڕەی کورد؛ پێش ئەو (١٤) سەرۆکوەزیرانی تر هەبوون! پێویستە سەرۆک کۆمار کە کوردە و مافی هەیە ئێستا بە نامەیەکی فەرمی سکاڵایەک بنووسێت بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان کە لێپێچینەوە لە سەرۆکوەزیران بکرێت و دەستی پێ لەکار بکێشنەوە؛ بەدڵنیاییەوە بانگی بکەنە پەرلەمان شیعەکان بەگشتی و «مالیکی» بەتایبەت خۆیان لەو دەرفەتە دەگەڕێن و، دووری دەخەنەوە لە حکومەت.
پێنجەم/ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم خێراتر بکرێت، وەکو جاری پێشوو کەسانی بێ دەماخ و نەشارەزاو بێدەستەڵات نەکرێتە وەزیری دارایی، دەوروبەر و دارودەستە دابپڵوسن، ئەوانەن لە بەیانی تا ئێوارە خەریکی بێ ئیمانکردن و بێ ئینتیماکردنی هەموومانن.  بەڵکو تا بکرێت نیوەی حکومەت بدرێتە دەست تیمێکی پرۆفیشناڵی- تەکنوکراتی بیانی ئەوان سەر لەنوێ بە شێوەیەکی سەردەمییانە گیان بکەنەوە بە بەر حکومڕانی کوردیدا. 
 شەش/ ئەم قەیرانە وەربچەرخێنن بۆ دەرفەت، شتێکی نوێ نیشانی نەیارانی کورد بدەن، زۆر ئاسانە ئەو دەرفەتە، هەر ئێستا ئەگەر ئێوە ناتوانن، مۆڵەت بدەن لە یەک هەفتەدا (١٠) دە کۆمپانیای گەورە دەهێنین و سێ ناوچەی پیشەسازیی گەورە بینا دەکەین، دەیان هەزار هەلی کار دەڕەخسێت، بەمەرجێک کەمێک لە گازی سرووشتی بەرهەمهێنراویان پێ بفرۆشین، ئەوان بۆمان بکەن بە پەیینی کیمیایی و زەوییە مردوەکانی پێ دەبوژێتەوەو،  پێکهاتەی کیمیایی دیکەش هەناردەی دەرەوە دەکەن، وا دەکەن شارەکانی عێراق پشت بە هەرێمی کوردستان ببەستن. ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان نیزیکەی شەش ملیۆن کەسە، لە «چین» لادێ هەیە (٦.٥) شەش ملیۆن و نیو کەسی تیایەو، کورەی ئەتۆم بەرهەم دەهێنن و کشتوکاڵیش دەکەن لە گوندەکەیاندا.
بە کورتی، دامەزراوە لە پشت سێکتەری وزەو ئابورییەوە نەبێت، هەرگییز هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو نابێت؛ دەبێت دامەزراوەکان بەگشتی بەهێز بکرێن.