ناوەرۆکی داواکارییەکانی بەغدا و هەرێم لەبارەی نەوتەوە

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1072 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


  حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، دوو لیستی داواکارییان ئامادەکردووە و بڕیارە لەلایەن ئەو لیژنەی پێکهێنراوە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رادەستکردنی نەوت
 دەڵێت، بۆ دەستکردنەوە بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم بە کۆمپانیای سۆمۆ بۆ هەناردەکردنی نەوت بەپێی یاسای بودجەی فیدڕاڵی، ئێستا نەوتی بەرهەمهاتوو بریتییە لە (282) هەزار بەرمیل نەوت، لەو ژمارەیە (65) هەزار بەرمیل نەوتی لێ دەردەکرێت بەمەبەستی بەکارهێنانی ناوخۆیی.
 
لەپێشنیارێکی تردا دەڵێت، رادەستکردنی 100 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە کۆمپانیای سۆمۆ، تا ئەوکاتەی رێککەوتن دەکرێت لەسەر کارەکانی لایەنی راوێژکاری بەپێی هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵی.

حکومەتی هەرێم لەبارەی داهاتی نانەوتی، دەڵێت، هەرێم بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵی 50٪ی داهاتی گومرگ و باج دەدات بە حکومەتی ناوەندی.

لای خۆیەوە بەغدا لەبارەی نەوتەوە داوایکردووە، رادەستکردنی تەواوی نەوتی بەرهەمهاتوو یاخود زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم بە کۆمپانیای سۆمۆ، جگە لەو نەوتەی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ پێویستە، واتە رادەستکردنی بڕی 236 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.

دەشڵێت، تێچوی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆ  لەلایەن هەرێمەوە دابین دەکرێت و پێویستە 16 دۆلار بدات بۆ هەر بەرمیلێک، تا ئەوکاتەی قۆناغی دوەم دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ڕاشیگەیاندووە، لەرێگەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەرزارەتی سامانە سروشتییەکان، هەڵسەنگاندن بۆ پێویستییەکانی ناوخۆی هەرێم دەکەن لە سوتەمەنی، کە دواتر یان لە رێگەی بەغدادەوە دابەش دەکرێت یاخود هەرێم دابەشی دەکات.