ئێران نزیکەی ملیۆنێک ئەفغانی دووردەخاتەوە

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 251 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە نزیکەی 450 هەزار ئەفغانی لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە بۆ ئەفغانستان، دوای ئەوەی تاران داوای لەو کەسانە کرد کە بەڵگەنامەیان نییە تا شەشی تەمموز وڵاتەکە بەجێبهێڵن.

وتەبێژی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، لە نێوان ١ی حوزەیران تا پێنجی تەمموزدا ٤٤٩ هەزار و ٢١٨ ئەفغانی لە ئێران گەڕاونەتەوە، بەمەش کۆی گشتی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە گەڕاونەتەوە بۆ ٩٠٦ هەزار و ٣٢٦ کەس بەرزبوەتەوە. 

ئێران لە کۆتایی مانگی ئایاردا ڕایگەیاند کە ئەفغانییە بێ بەڵگەنامەکان دەبێت تا ٦ی تەمموز وڵاتەکە بەجێبهێڵن، ئەمەش ئەگەری هەیە کاریگەری لەسەر چوار ملیۆن لەو نزیکەی شەش ملیۆن ئەفغانییە هەبێت کە تاران دەڵێت لەو وڵاتەدا دەژین.

ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە ژمارەی ئەو کەسانەی سنوور دەبڕن زیادیکردووە و تەنها لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا نزیکەی ٤٠ هەزار کەس لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی ئیسلام قەڵا لە ڕۆژئاوای هێراتەوە گەڕاونەتەوە.

زۆرێک لە گەڕاوەکان باسیان لە فشارەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران و دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوە کردووە.
ئ.ە