شارپرێس:
کۆما جڤاكین کوردستان (کەجەکە) له‌وه‌ڵامى په‌یامه ڤیدیۆییه‌كه‌ى ئۆجه‌لاندا په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و دەڵێت، "دەبێت هەموان لەوە تێبگەن، پرۆسەی ئاشتی تاکلایەنە پێشناکەوێت"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌وه‌ى ئۆجه‌لان له‌ئێمه‌ى ده‌وێت، جێبه‌جێى ده‌كه‌ین".
ئه‌مڕۆ پێنجشەممە کۆما جڤاكین کوردستان (کەجەکە) لەڕاگەیه‌ندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو هەنگاوانەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەئەوانی داوادەکات، وه‌ك خۆى جێبەجێی دەکەن.
کەجەکە دەڵێت:"ئێمە ئەم هەنگاوە نوێیە بەلەبەرچاوگرتنی گەلەکەمان‌و گەلان دەنێین، بەڵام دەبێت هەموان لەوەتێبگەن پرۆسەکە بەشێوەیەکی یەکلایەنە پێشناکەوێت".
ڕاگەیه‌ندراوەکەی کەجەکە ئاماژە بەوەدەکات، لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت دیلگرتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە پرۆسەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی پەرەپێداوە، کۆتایی بێت‌و ئازادبکرێت.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه دوێنێ چوارشەممە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەپەیامێکی نوێی ڤیدیۆیی وتی:"سه‌باره‌ت به‌كێشه‌و ڕێگه‌چاره‌كانی دۆخی به‌رجه‌سته‌ی ئه‌م قۆناغه‌ی پێیگه‌یشتوین به‌ئه‌ركێكی ئه‌خلاقیانه‌م زانی به‌نامه‌یه‌كی به‌رفراوانی دوباره‌ییش بێت، وه‌ڵامی ئاشكرا‌و خولقێنه‌رتان بده‌مه‌وه".
لەپەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشدا، "پێداگرم له‌سەر بانگه‌وازییه مێژوییه‌كه‌ی 27ی شوباتی 2025 بۆ ئاشتی‌و دیموكراتی، هەروەها ده‌بێت ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا كه وه‌كو ئه‌نجامێكی به‌بایه‌خ‌و مێژویی په‌سه‌ندبكرێت، هاوكات ڕه‌نجی ئه‌و هاوڕێیانه‌ی كه ڕۆڵی پرد ده‌گێڕن شایسته‌ی ڕێز‌و گرنگی پێدانێكی هاوئاسته".
باسی لەوەشکرد، "به‌ئاشكرا ئه‌وه دەڵێم هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییانه، سه‌ره‌نجامی ئه‌و دانیشتنانه‌ن له‌ئیمراڵی ئه‌نجاممداون، به‌ورییاییه‌كی به‌رزه‌وه كاركراوه بۆ ئه‌وه‌ی دانیشتنه‌كان له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئیراده‌ی ئازادبن".
ئۆجەلان دەشڵێت، "دروستكردنی میكانیزمی چه‌ك دانان، پرۆسه‌كه به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌بات، ئه‌وەی دەکرێت هه‌نگاوێكی دڵخوازانه‌یه له‌قۆناغی تێكۆشانی چه‌كدارییه‌وه به‌ره‌و قۆناغی حقوقی‌و سیاسه‌تی دیموكراتیانه، ئه‌مه نه‌ك به‌شكست، به‌ڵكو ده‌بێت به‌سه‌ركه‌وتنێكی مێژویی بزانرێت، ورده‌كاری چه‌كدانان ده‌ستنیشانده‌كرێن‌و به‌خێرایی پراكتیزه ده‌كرێن".
ئۆجه‌لان ڕاشیگەیاند، "لێرەدا كۆتایی بەخەباتی پەکەکە دەهێنین کە وەک کاردانەوەیەک له‌دژی نكۆڵی‌كردن له‌هه‌بونی کورد دروستبوو، بەئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی جیا ستراتیژییەکەی شه‌ڕی ڕزگاری نه‌ته‌وه‌یی بوو، ئێدی دان بەهەبونی گەلی کورددا نراوەو لەم سۆنگه‌یه‌وه ئامانجە سەرەکییەکە بەدیهاتوە".
