14ى ته‌مموز له‌عێراق پشوو نییه‌و دادگاى فیدراڵى كۆده‌بێته‌وه‌

کوردستان

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3982 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دادگای فیدڕاڵیی عێراق ڕۆژی دوشەممە 14ی تەمموز لەسەر سكاڵاکاران، ڕەمەزان عەبدولڕەحمان‌و کاروان ئەحمەد، لەسەر موچەی فەرمانبەران‌و خانەنشینانی هەرێم بڕیار دەدات، به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان پشوى فه‌رمیه‌.


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى دادگاى فیدراڵى ئاشكرایكردوه‌، دانیشتنەکەی دادگای فیدراڵی لەسەر نەناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەبێت‌و بەئامادەبوونی سکاڵالێکراو، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، بڕیار لەسەر پرسەکە دەدرێت.

سکاڵای داواکاران دوو تەوەری لەخۆگرتوە، گەرەنتیی ناردنی موچە بۆ موچەخۆرانی هەرێم هەموو مانگێک‌و لەکاتی خۆیدا، بەبێ ڕەچاوکردنی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی‌و حکومەتی هەرێم بەهۆی لێکدانەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی یان هەر هۆکارێکی تر.

دەرکردنی فەرمانێک لەلایەن حکومەتەوە بۆ پابەندبونی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی عێراق بەناردنی موچەی فەرمانبەران‌و خانەنشینان‌و کەسوکاری شەهیدان‌و سودمەندەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی لەم مانگەوە تائەوکاتەی کەیسی داگاییەکە یەکلایی دەبێتەوە.

پێشتر بڕیاربوو دادگای فیدراڵی عێراق لەڕۆژی 19ی حوزەیرانی 2025 بڕیار لەسەر کێشەی موچەو شایستە داراییەکانی هەرێم بدات، بەڵام بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی نۆ ئەندامی دادگا، دانیشتن لەسەر ئەو پرسە دواکەوت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 14ی تەمموزی لەسەرجەم فەرمانگەکان کردە پشوی ڕەسمی، به‌گوێره‌ى ڕۆژژمێری حکومەتی هەرێم، ڕۆژی دوشەممەی داهاتوو 14ی تەمموزی 2025 بەبۆنەی یادی شۆڕشی 14ی تەمموز، لەسەرجەم فەرمانگەو دامەزراوەکانی هەرێم پشوی ڕەسمییە، ئەمەش لەکاتێکدایە، حکومەتی عێراق ئەم ڕۆژەی لەڕۆژی پشوە ڕەسمییەکان دەرهێناوە.