دایناسۆرێکی نامۆ لەمەغریب دۆزرایه‌وه‌

هەمەڕەنگ

01/09/2025‌ 1266 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژی 27ى ئه‌م مانگه‌، گۆڤاری زانستی "نەیچەر" توێژینەوەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاشکرایکردبوو، پاشماوەی دایناسۆرێکی ناوازە لەمەغریب دۆزراوەتەوە.


ئەم دایناسۆرە بەهەبونی قەڵغانێک کە چەندین دڕکی ئێسکداری نزیکەی یەک مەتر درێژیی لێوە هاتۆتەدەر جیادەکرێتەوە، ئەم دڕکانە لەمل‌و پەراسوەکانیەوە درێژببوونەوە، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە یەکێک لەسەیرترین دایناسۆرە ناسراوەکان.

دایناسۆرە دۆزراوەکە، کە ناوی "سپایکۆمیلۆس" (Spicomellus)ـە، نزیکەی 165 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ژیاوەو بەکۆنترین ئەندامی خێزانی دایناسۆرە گیاخۆرە زرێپۆشەکان دادەنرێت کە بەئەنکیلۆسۆرەکان (Ankylosauridae) ناسراون.

توێژەران ڕونیانکردوه‌تەوە کە پێکهاتەی ئێسکەکانی ناوازەیە، چونکە ئەمجۆرە شێوازەی دڕکە ئێسکانە لەهیچ بونەوەرێکی تری بڕبڕەداردا، چ لەناوچوبن یان ئێستا هەبن، تۆمارنەکراوە.

یەکەم وێنەی تەواو لەسەر ئەمجۆرە دایناسۆرە لەساڵی 2019 دروستکرابوو بەپشتبەستن بەیەک ئێسک کە لەمەغریب دۆزرابوەوە، بەڵام دۆزینەوە نوێیەکان لەنزیک شاری بوڵمان وێنەیەکی ڕونتریان بەزانایان بەخشی سەبارەت بەم بونەوەرە نائاساییە.

ڕیچارد باتلەر پڕۆفیسۆر لەزانکۆی بێرمینگهام‌و یەکێک لەسەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە، وتی:"ئەمە یەکێکە لەسەیرترین دایناسۆرەکان کە تائێستا ناسراون".

لەکاتێکدا سوزانا میدمێنت توێژەر لەمۆزەخانەی مێژوی سروشتیی لەلەندەن‌و مامۆستای یاریدەدەر لەپڕۆژەکەدا، دۆزینەوەکەی وەک "زۆر گرنگ" وەسفکردو جەختیکردەوە، ئەم پاشماوە نائاساییانە تێڕوانین بۆ پەرەسەندنی دایناسۆرە زرێپۆشەکان دەگۆڕێت.

میدمێنت ئاماژەی بەوەشدا، ئەم قەڵغانە ئێسکدارە لەسەرەتادا بۆ بەرگریی بەکاردەهات، بەڵام ڕەنگە دواتر گۆڕابێت بۆ ئامرازێک بۆ ڕاکێشانی سێکسی‌و زاڵبون بەسەر ڕکابەرەکاندا.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی