دەرد و بەڵای ستەمکاری.. ستەمکار و کۆیلە، کامیان کامیان بەرهەمدێنن؟

هەمەڕەنگ

01/09/2025‌ 289 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شوان ئەحمەد

 مستەفا سەفوان خوێندکارێکی دیاری قوتابخانەی ژاک لاکانەو یەکێکە لە دەرونشیکارە گەورەکانی فەرەنسا، بەڵام تەواوی پرۆژە فیکرییەکەی تەرخانە بۆ خۆرهەڵات و کۆمەڵگەی عەرەبی و ئیسلامی.
سەرەکیترین پرسێک کە بە درێژایی نیو دانە سەدە زیاتر پێیەوە سەرقاڵ بووبێت، پرسی (ستەمکاری و کۆیلایەتی) بووە... کاری ئەو بە گشتی ڕۆچون و دەست ڕاگەیشتنە بە قوڵاییەکانی نەستی کلتووری کۆمەڵگە عەرەبی و ئیسلامییەکان، تا پەی بەو پەیوەندییە ستەمکارییە زەقوزۆپە بەرێت کە مێژوویەکی دورودرێژە لە نێوان فەرمانڕەوایان و هاوڵاتیاندا، بەرقەرارە و کۆتایی نایەت.
یەکێک لەو تێزە سەرەکیانەی هەمیشە لە نووسینەکانیدا ئاماژەی پێدەدات و دەگەڕێتەوە سەری، پرسیارە گرنگەکەی نوسەری فەرەنسی ئێتین دی لابوتێیە کە دەڵێت: ( ئەوە تاکە کەسێک چۆن دەتوانێت ملیۆنەها کەس سەرشۆڕ و ملکەچ و بێدەنگ بکات؟).
شایەنی باسە مستەفا سەفوان هەر خۆی، وەرگێڕی شاکارە گرنگەکەی ئێتین دی لابوتێ ( خۆ بەکۆیلەکردن) ەو، وەک ئەویش پێیوایە ئەوە ستەمکاران نین کۆیلایەتی بەرهەم دێنن، بەڵکو ئەوە مرۆڤی پاسیڤ و کۆیلە و هیچ لەبارەدا نەبووە کە ستەمکار و دیکتاتۆر و عەنتەرەکان، دروست دەکات.
ئێمە لە ئێستاداو بۆ حاڵیبوون لە دۆخی ژیان و گوزەرانی خۆمان، چەند پێویستمان بە تێگەیشتنە لە نامیلکە بچکۆلانەکەی ئێتین دی لابوتێ، هێندەش گرنگە ئاگاداری بەرهەمە مانادارەکانی مستەفا سەفوان بین.. هەم بۆ ئەوەی لە دۆخی کۆیلایەتی دەرچین و هەم بۆ ئەوەی ستەمکاری و ستەمکارانیش، بە زبڵدانی مێژوو بسپێرین.