شارپرێس:
سەرۆکی ڕوسیا دوای ئەوەی پێشتر هۆشداریدابوو ئەگەر لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە پرسی ئۆکرانیا چارەسەرنەکرێت بەهێز چارەسەری دەکات، جارێکی دیکە هۆشداریدایهوه ئەوروپاو دهڵێت، "بەر لەڕاگەیاندنی ئاشتیی لەئۆکرانیا، هەر هێزێکی بیانی لەوێ ببینیت، ڕاستەوخۆ هێرشیاندەکهینهسەر".
ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا لەبارەی گەرەنتی ئەمنی ئۆکرانیا لەکۆڕبەندی ئابوری وڵاتەکەی وتی، "ئەگەر هەر هێزێکی بیانی لەئۆکرانیا لەکاتی بەردەوامی جەنگەکەمان ببینرێت، ئەوا ئێمە بەڕەواو یاسایی دەبینین هێرشییان بکەینەسەر".
وتیشى:"هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئۆکرانیا بکرێت، دەبێت درێژخایەن بێتو کۆتایی بەشەڕ بهێنێت، بۆ ئەمەش هیچ بەپێویستی نازانم هیچ هێزێک ڕەوانەی ئۆکرانیا بکرێت، ئەمەش بەهیچ شێوەیەک مشتومڕ هەڵناگرێت".
لاى خۆیشیهوه ڤۆلۆدیمێر زێلێسنکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژهى بهوهداوه، "لەلوتکەی سەرکردەکانی ئەوروپا لەپاریس باسمان لەگەرەنتی ئەمنی وڵاتەکەمان کرد؛ بەدڵنیایەوە سەدان سەرباز دێنە ئۆکرانیا بۆ ئەوەی گەرەنتی ئەمنی دابینبکەن".
لهوبارهیهوه دیمیتری پیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕوسیا (کرێملن) باسى سهرۆكى ئهمریكاى كردو جهختیكردهوه، "دۆناڵد ترەمپ سەرۆکێکی زۆر بونیادنەرترەو کەسێکە کە بازرگانی بەباشتر دەزانێت لەجەنگ، بەڵام سەرکردەکانی ئەوروپا هەموو هەوڵێکدەدەن بۆ ئەوەی ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەی کۆتاییهێنان بەجەنگ دروستبکەن".
بهوتهى پیسكۆڤ، "ڕوسیا دەیەوێت ململانێی ئۆکرانیا بەدیپلۆماسی چارەسەربکرێت نەک شەڕ، ئەگەر ترەمپیش بتوانێت هاوکاریی بکات بۆ ئەوەی ئەوکارە بکرێت، مۆسکۆ بەرژەوەندییەکانیان وەک هاوتەریب دەبینێت".
پێنجشەممەى ڕابردوو، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئۆکرانییەکی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکى لەپاریس، وتی، "26 وڵاتی جیهان بەڵێنیانداوە لەڕێگەی وشکانی، دەریاییو ئاسمانییهوه، بەشداربن لەدەستبەرکردنی ئاسایشی ئۆکرانیاو هێز ڕهوانهى ئهو وڵاته دهكهین".
ماکرۆن لەدرێژەی قسەکانیدا هۆشداریدەداتە ڕوسیاو دەڵێت، "ئەگەر مۆسکۆ ئاشتیی لەگەڵ کیێڤ ڕەتبکاتەوە، وڵاتە ئەوروپییەکان بەهەماهەنگیی ئەمریکا سزای نوێی بەسەردا دەسەپێنن".
پێشتریش پوتن باسی لەوەکردبوو، بۆ چارەسەر نەبونی پرسی ئۆکرانیا دەبێت ڕەخنە لەسیاسەتی ڕۆژئاوا بگیرێت، چونکە ئەوان هەمیشەی گەرەنتی ئەمنی ڕوسیایان فەرامۆشکردوە.
ئهوهشى وتبوو، "ئەگەر بەرژەوەندیی هاوبەش هەبێت، ئەوا کۆتاییهێنان بەجەنگی ئۆکرانیا ئەگەرێکی بەهێز دەبێت، چونکە ئیدارەی ئێستای ئەمریکا داوای چارەسەری ئەو پرسە دەکات".
هۆشداریشیدابوو، ئەگەر ئەو پرسە بەڕێگهی دیپلۆماسی چارەسەرنەکرێت، ئەوا بەڕێگهی سەربازیی چارەسەر دەکرێت".
هەر لەبارەی گەرەنتی ئەمنی ئۆکرانیا، دۆناڵد ترەمپ هەڵوێستی وڵاتەکەی ئاشکراکردبوو و ڕایگەیاندبوو، "هێزەکانی خۆى بەهیچ شێوەیەک نانێرێتە ئۆکرانیا، بەڵام هاوکاریی ئەوروپا دەکات ئەگەر یارمەتییان پێویستبوو، ڕەنگە ئێمه لەهێزی ئاسمانیدا هاوکاریى ئهوروپا بین".
