شانۆ لەسایەی تەکنۆلۆژیای نوێدا

هەمەڕەنگ

07/09/2025‌ 190 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 ئەردەڵان عەبدوڵڵا
شانۆ مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە، بەتایبەتی لە یۆنانی کۆندا رۆڵێکی ئێجگار گەورەی هەبووە لەناو کۆمەڵگەدا، لەهەمانکاتیشدا رۆڵێکی زۆر باشیشی گێڕاوە لە پێشخستنی شارستانی یۆنانییدا. هەروەها لە چین و ژاپۆنی کۆنیشدا، شانۆ رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە پێشخستنی کەلتوری ئەم گەلانەدا. 

جاران شانۆ لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، گرنگی زۆری پێدەدرا و بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی پێشكەوتنی گەلان دادەنرا. وتەیەکی باوی (فلادیمیر لینین) رابەری شۆڕشی روسیا هەبوو، زۆرجار لە زاری چەپەکانەوە دەگوترایەوە، کاتێک دەڵێت: (نان و شانۆیەکم بدەرێ، گەلێکی رۆشنبیرت دەدەمێ). ئیتر ئەم وتەیە ببووە یەکێک لە وتە گرنگەکان لە بارەی شانۆوە، هەرچەندە وتەی لەوەش بەهێزتر هەبوو، بەڵام ئەمەیان زۆر باوی بوو. 

بەهەرحاڵ، من کاتێک سەیری یادگاری خۆم دەکەم، لە ساڵانی هەشتاکاندا، لەگەڵ خوشک و براکانمدا دەچووین بۆ زۆربەی ئەو شانۆگەرییانەی کە لە سلێمانی نمایش دەکرا و چێژێکی زۆرم لێدەبینین، جیهانێکی تەواو نوێ و خۆش بوو بەلامەوە. لە ساڵانی هەشتاکاندا، شانۆ ببووە ئامڕازێکی گرنگ بۆ شۆڕش و بەرخودانی گەلی کورد دژی رژێمی بەعس، ئەمەش دەچێتە قاڵبی (ئەدەبی بەرەنگارییەوە). کە لەم بوارەشدا کۆمەڵێک نووسەر و شانۆکاری کورد، رۆڵی بەرچاویان هەبوو، لەناو خەڵکیشدا زۆر خۆشەویست بوون.

بەڵام بەداخەوە لە ماوەی چەند ساڵی پێشوودا، چیتر شانۆ، ئەو  رۆڵ و پێگەیەی جارانی نەماوە، لەمەشدا کۆمەڵێک هۆکار رۆڵیان هەیە لەپێش هەموویانەوە، پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و مۆبایلی زیرەک و بڵاوبوونەوەی فەیسبوک و تیکتۆک و کۆمەڵێک تۆڕی کۆمەڵایەتیی تر بۆ پەیوەندیکردن. جاران خەڵکی دەچوون بۆ شانۆ، بۆئەوەی دیمەنێکی نوێ ببینن، یان گوێبیستی قسەیەک یان دەقێکی نوێ بن، کە پێشتر گوێبیستی نەبوون. هەروەها  شانۆ ئەو بوارە بوو، کە خەڵکیی خۆیان تێدا دەبینییەوە، بەڵام ئەمڕۆ لەڕێگەی تەکنۆلۆژیای نوێوە، مرۆڤەکان لەیەک چرکە ساتدا، هەزاران دیمەنی نوێ، قسە و زانیاری نوێ دەبینن و دەبیستن. هەرچەندە بەشێکی زۆری ئەو زانیاریی و دیمەنانەشی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێنەوە، نەک سوودیان نییە، بگرە زیانیشیان هەیە. 
لەلایەکی ترەوە ئەوەی هەستی پێدەکریت، ئەمڕۆ بەشێکی زۆری خەڵكیی لەجیاتی ئەوەی بچنە سەر تەختی شانۆ، لەناو مۆبایلەکەیاندا، خۆیان نمایش دەکەن و بەناو ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانەدا، وێنەی خۆیان بڵاودەکەنەوە، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە نمایشکردن. پێموایە هیچ کاتێک هێندەی ئەمڕۆ، مرۆڤەکان خۆیان نمایش نەکردووە، لەمەشدا دووبارە تەکنۆلۆژیای مۆدێرن رۆڵێکی خراپ دەگێڕێت.

لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت بە تەواوەتی رۆڵی شانۆ فەرامۆشبکرێت، چونکە تەنها لەڕێگەی شانۆوە، دەتوانرێت ئەکتەری بەتوانا دروستبکرێت، سەرەتای دەرکەوتنی  ئەکتەری بەتوانا لەڕێگەی شانۆوە دەبێت، گەر کەسێک نەتوانێت لەسەر تەختی شانۆ نمایش بکات، ناشتوانێت لەبەردەم کامێرادا نمایش بکات، هەربۆیە هەتاوەکو ئەمڕۆش، شانۆ فێرگەیەکی گرنگە بۆ پێگەیاندنی ئەکتەری بەتوانا، کە دواتر لە فیلم و درامادا، رۆڵ دەبینێت و دەبێتە ئەستێرەی ناو جەماوەر.
لەلایەکی ترەوە راستە تەکنۆلۆژیا زەرەری زۆری لە شانۆ و بینەری شانۆ داوە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا دەکرێت، سوود لە تەکنۆلۆژیای نوێ وەربگیرێت بۆئەوەی شانۆ بەناو خەڵکیدا بڵاوبکرێتەوە و بینەری زۆری هەبێت. هەتاوەکو ئەمڕۆش هەندێک رژێمی ستەمکار هەن، کە شانۆ و شانۆکاران بە گەورەترین دوژمنی خۆیان دەزانن و دژایەتییان دەکەن، لەوانەبێت شانۆیەک، تەواوی رژێمێک بخاتە لەرزین. هەروەها بەلای زۆرکەسەوە، دانیشتن لە هۆڵی شانۆدا، هێشتا سیحر و کاریگەریی خۆی ماوە، هەتاوەکو ئێستاش من ئەو چێژەی لە بینینی شانۆیەکدا دەیبینم، هەرگیز لە بینینی فیلمێکدا نایبینم، لەوانەبێت لەمەشدا زۆرکەس وەکو من وابن، بەتایبەتی ئەوانەی کە پێشووتر سەردانی شانۆیان کردووە و چێژیان لێ بینیوە.