بەپێ رۆیشتن چی کاریگەرییەکی لەسەر کوالێتی خەو هەیە؟

هەمەڕەنگ

12/09/2025‌ 961 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پسپۆڕان دەڵێن، بەپی رۆیشتن یەکێکە لە سادەترین و کاریگەرترین جۆرەکانی وەرزشکردن بۆ باشترکردنی کوالێتی خەو و تەندروستی گشتی.

 توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە کە ڕۆیشتن بە پێ یارمەتیت دەدات خێراتر و بۆ ماوەیەکی درێژتر بخەویت، بەئاگاهاتنەوەی شەوانە و فشاری دەروونی کەمدەکاتەوە، هەروەک باری دەروونیی باشتر دەکات بەهۆی کاریگەریی لەسەر پلەی گەرمیی لەش و لێدانی دڵ و دەردانی هۆرمۆنەکانی هاندەری خەوتن وەک هۆرمۆنی گەشەکردن.

توێژینەوەیەک لەسەر 490 کەسی پێگەیشتوو کە پابەندبوون بە ڕۆیشتن بە 10 هەزار هەنگاو ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار هەفتە دەریخستووە باشتربوونی بەرچاو لە کوالێتی خەودا، بەتایبەتیی لەو کەسانەی کە ڕاهاتوون بە وەرزشکردن.

هەرچەندە ڕاسپاردەی "رۆژانە 10 هەزار هەنگاو" ئامانجێکی هاوبەشە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە تەنانەت 8 هەزار هەنگاویش بەسە بۆ بەدەستهێنانی سوودی بەرجەستە، وەک کەمکردنەوەی مەترسیی مردن و باشترکردنی خەو.

سەبارەت بە کاتی ڕۆیشتن، هیچ کاتێکی نموونەیی نییە؛ دەتوانێت لە هەر کاتێکی ڕۆژدا سوودی هەبێت، سەرەڕای ئەو باوەڕە باوەی کە وەرزشی ئێواران خەو تێکدەدات، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە دەریانخستووە کە پیاسەکردنی ئێواران بەزۆری کێشە دروست ناکات مەگەر چڕ بێت و زۆر نزیک بێت لە کاتی خەوتن.

بۆ باشترکردنی خەو، هەروەک باشترە پابەند بیت بە خووەکانی خەوتنی تەندرووست وەک دوورکەوتنەوە لە خەوی درێژ، پەیڕەوکردنی ڕۆتینێکی ئارامکەرەوەی پێش خەوتن، کوژاندنەوەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و دانانی ژینگەی ژوورەکە بۆ ئەوەی بێدەنگ و تاریک و فێنک بێت.

 بەم شێوەیە ڕۆیشتن دەبێتە ڕێگەیەکی ئاسان و کاریگەر بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتیی خەو و تەندرووستیی گشتیی.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی