شارپرێس:
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، پلانی هەیە لە کاتی سەردانەکەی بۆ میسر، بەشداریی لە لووتکەیەک سەبارەت بە غەززە بکات کە بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە شاری شەرمشێخ بە سەرپەرشتی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، بەڕێوە بچێت.
پێگەکە باسی لەوەکردووە، پێشبینی دەکرێت سەرۆک یان وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی بەشداریی لەو لوتکەیەدا بکەن، لەوانە ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ئیمارات، قەتەر، ئوردن، تورکیا، سعودیە، پاکستان، و ئیندۆنیزیا، بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بەشداری ناکات.
سەرچاوە ئەمریکییەکان جەختیان لەوە کردۆتەوە کە ترامپ بە مەبەستی کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ پلانی ئاشتی تایبەت بە غەززە، کە هێشتا کێشەکانی حوکمڕانی، ئاسایش، و ئاوەدانکردنەوەی تێدا یەکلایی نەکراوەتەوە، لە لووتکەکەدا ئامادە دەبێت.
پێش ئەو لووتکەیە، ترامپ سەردانی ئیسرائیل دەکات و وتارێک لەبەردەم کنێسێت پێشکەش دەکات و چاوی بە خێزانی بارمتەکان دەکەوێت، پاشان بەرەو میسر دەچێت بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی واژۆکردنی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
