شارپرێس:
یانەی تۆپی پێی پاریس سان جێرمان، پاڵەوانی چامپیۆنزلیگی ئەوروپا، لەوەرزی ڕابردودا داهاتێکی پێوانەیی تۆمارکردوە کە گەیشتوەتە نزیکەی 976 ملیۆن دۆلار.
ئەم ژمارانە کە بڵاوکراونەتەوە، بڕی 175 ملیۆن یۆرۆیان لەداهاتی یارییەکانو 367 ملیۆن یۆرۆیان لەداهاتی ڕیکلامە بازرگانییەوە هاتوە، لەگەڵ پەیوەندی شەش هاوبەشی نوێ.
داهاتی ئەو وەرزە لەداهاتی وەرزی پێشوو (2023-2024) زیاتربوو کە 806 ملیۆن یۆرۆ بوو، سێیەم بەرزترین داهات بوو لەئەوروپادا.
تیپی پیاوانی یانەکە بۆ یەکەمجار لەمێژودا نازناوی چامپیۆنزلیگیان بەدەستهێنا، بەسەرکەوتنێکی گەورە بەسەر ئینتەرمیلان بە ئەنجامی 5-0. بەهای یانەکە بهگوێرهى "فۆربێس" بەنزیکەی 4.6 ملیار دۆلار مەزەندەکراوە.
سەرەڕای ئەمەش، کەمبونەوەی داهاتی پەخشی خولی فەرەنساو بچوکی قەبارەی یاریگای (پارک دێ پرەنس)، کە تەنها 48 ههزار هاندەر دەگرێت، ڕێگر بوە لەگەشەی زیاتری دارایی یانەکە.
پلانی دروستکردنی یاریگایەکی نوێتر بۆ لایەنی کەمەوە 60 ههزار کەس، هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی