شارپرێس:
دانیێڵ دریسکۆڵ وەزیری سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، سوپاکانی داهاتوو تێکەڵ (هیبرید) دەبن، بەوپێیەی هەر سەربازێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تایبەتی خۆی لەمەیدانی جەنگدا بەکاردەهێنێت.
دریسکۆڵ لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "پۆلیتیکۆ" وتویەتی، "ئەگەر ئەمریکا لەماوەی دوو ساڵی داهاتودا بچێتە نێو ململانێیەکەوە، ئەوا جەنگێکی تێکەڵ دەبێت، کە تێیدا هەر سەربازێک لەمەیدانی جەنگدا ئامێرێکی دیجیتاڵی دەبێت".
بەوتەی دریسکۆڵ، "هەر سەربازێکی پیادە، درۆنی تایبەتی خۆی دەباتە جەنگەوەو هەموو یەکەکانی فەرماندەییو کۆنترۆڵ، پێویستیان بەسیستەمی دژە درۆن دەبێت".
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، سوپاکان پێویستیان بەڕێگەیەک دەبێت بۆ ئاڵوگۆڕی داتا لەکاتی ڕاستەقینەدا لەکاتی بەڕێوەچونی جەنگەکەدا.
دریسکۆڵ جەختیکردوهتەوە، "کاتێک ڕوبەڕوی لێشاوێک لەهەزاران درۆن دەبیتەوە، مێشکی مرۆڤ لەمامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەیەکی لەو شێوەیەدا دەستەوەستان دەبێت، بەتایبەتی لەژینگە چڕو ئاڵۆزەکاندا، وەک فڕۆکەخانەکان".
لەکۆتاییدا وتویەتی، "خێرایی بڕیاردان لەململانێکانی داهاتودا تواناکانی مرۆڤ تێدەپەڕێنێت، ئەمەش پێویستی بەپشتبەستنێکی بەرفراوان بەسیستەمە دیجیتاڵییەکان دەبێت".
