شارپرێس ـ كهنداڵ جودى:
بەرپرسێکی باڵای ڕۆژئاواى كوردستان ڕه‌خنه‌ى توند له‌ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى شه‌رع دهگرێتو ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌و حکومەته هیچ متمانه‌یه‌كى به‌خۆى نییه بۆیه ئاماده‌نییه ڕێكهوتنى 10ى ئادار جێبه‌جێبكات"، ده‌شڵێت، "پێویسته هه‌مولایه‌ك بزانن، هەسەدە دەستبەرداری چەکەکانی نابێت‌و هاوبەشێكى به‌هێزو متمانه‌پێكراوى هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژى داعش‌و به‌تایبه‌ت ئه‌مریكایه لەشەڕی دژی تیرۆر، بۆیە پێویستە حکومەتی دیمەشق بۆ بەرگریی‌و دامەزراندنی وەزارەتی بەرگری، پشت بەهێزەکانی هه‌سه‌ده ببەستێت".
ڕیاز دێرار هاوسەرۆکی فەرمانگەی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مه‌سه‌ده) لەئەوروپاوە وەڵامی پرسیارەکانی شارپرێسی دایەوە.
شارپرێس: بڕگە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنی 10ی ئادار چین کە تائێستا جێبەجێنەکراون؟
دێرار: ڕێککەوتنی 10ی ئادار ڕێککەوتنێکی سیاسییە کە تێیدا حکومەتی کاتی دەبێت هەنگاوبنێت‌و حه‌وت بڕگەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێبکات، لەوانە بەشداریکردنی دامەزراوە مەدەنیو سەربازییەکانی ئیدارەی خۆسەر لەدەوڵەتی سوریا‌و نوێنەرایەتی یەکسان بۆ هەموو پێکهاتەکان بەتایبەت پێکهاتەی کوردی، کە دەبێت لەدەستوردا دانی پێدابنرێت.
بەڵام هیچکام لەبڕگەکانی ڕێککەوتنی 10ی ئادار جێبەجێنەکراون، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە حکومەتی نوێی دیمەشق متمانەی به‌خۆى نییه بتوانێت ئەو بڕگانە جێبەجێبکات، بەوپێیەی حکومەت ڕوی لەهاندانی مەزهەبو گروپه چه‌كداره‌كان کردوە.
ئەمەش ڕێگریی لەجێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە گرتوه‌و حکومەتو لایەنگرانیشیان هێشتا تێنەگەیشتون کە دۆخەکە گۆڕاوەو دەبێت خەڵکی سوریا لەنێوان خۆیاندا بگەنە ڕێککەوتن.
شارپرێس: به‌ڕێز دێرار، ئەو هۆکارانە چین كه حکومەتی دیمەشق بۆ جێبەجێنەکردنی ئەم ڕێککەوتنە ناتوانێت هه‌نگاویان بۆبنێت؟
دێرار: هۆکارەکەی ئەوەیە حکومەتی دیمەشق لەجێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە دەترسێت، چونکە لاوازی خۆیی‌و مەیلەکەی ئاشکرادەکات کە نایەوێت دیموکراسی سیاسی ڕوبدات، دواتر مه‌به‌ستیانه دەسەڵاتێکی ناوەندگەرایی هه‌بێت له‌سوریا، هەربۆیە حکومەتی دیمەشق، هه‌سه‌ده بەدواخستنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە تۆمەتباردەکات، بەڵام ئەمە ڕاست نییە، چونکە هه‌سه‌ده دانوستان لەسەر پرسی یەکگرتنی سەربازیی دەکاتو ئیدارەی خۆسەریش دانوستان لەسەر یەکخستنی دامەزراوەکان دەکات.
شارپرێس: کام لایەن، یان کام دەزگای ناو حکومەتی دیمەشق دەبێت چاودێری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەكه بکات‌و جێبەجێیبکات؟
دێرار: لەڕاستیدا نازانین کام دەزگا ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێدهکات، ئەوان چاوەڕێی ئەحمەد شه‌رع دەکەن، هه‌روه‌ها یه‌کێک له‌هۆکاره‌کانی ڕاگرتنی ڕێککه‌وتنه‌که‌و جێبه‌جێنه‌کردنی، ئه‌سعه‌د شه‌یبانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریایه که دوای ڕێککه‌وتنه‌که ڕایگه‌یاند، بێ چه‌ندو چون ئه‌وان دێره‌زوریان ده‌وێت، به‌ڵام زیاتر هۆکاری ئه‌و داواکارییه‌ی ڕون نه‌کرده‌وه.
هەرچەندە زانراوە کە دێرەزور زیاتر لە 30 هەزار فەرمانبەری حکومی هەیەو لەئێستادا سەرقاڵی کارکردنن، بەڵام پێویستە تێکەڵ بەدامودەزگاکانی دەوڵەت بکرێن، ئایا ئەو فەرمانبەرانە وەک سه‌رجه‌م فەرمانبەرانی دیكه‌ى ڕۆژئاوا له‌سوریا، ئه‌وانیش لەکارەکانیان دورخراونەتەوەو هیچ حسابێكى خزمه‌تیان بۆ ناكرێت.
ئه‌وه‌ى له‌دیمه‌شق به‌رامبه‌ر كورد‌و هه‌سه‌ده ده‌گوزه‌رێت، بیرکردنەوەیەکی بونیادنەرانه نییە کە بیەوێت بەشداریی لەبونیادنانهوهدا ئیدارەیەکی ڕاستەقینەدا دروستبكرێت‌و نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان هه‌بێت، چونکە یەکێک لەخاڵەکانی ڕێککەوتنی 10ی ئادار لەسەر بنەمای زانست‌و پرەنسیپی تەکنۆکراتی دامەزراوە نەک لەسەر دڵسۆزیی شێخێک.
شارپرێس: به‌ڕێز دێرار، جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتننامەی 10ی ئادار تاچەند وابەستەی حساباتی ناوخۆیی یان فشارە نێودەوڵەتییەکانە؟
دێرار: بەڵێ ڕاستە، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە پەیوەسته بەحساباتی هەرێمییەوە، بۆ نمونە تورکیا فشاردەخاتەسەر حکومەتی دیمەشق بۆ جێبەجێنهکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئادار به‌گوێره‌ى بۆچون‌و به‌رنامه‌ى تورکیا، هەروەها تورکیا فشارى دروستكردوه بۆ هاندان دژى هه‌سه‌ده‌و ڕێگەنهدان بەئیدارەی خۆسەر كه هیچ مافێكى هه‌بێت.
سه‌باره‌ت به‌وڵاتانى دونیاش، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ئه‌و ڕێكه‌وتنه به‌جێبکرێت، به‌تایبه‌ت ئهمریكاو فه‌ره‌نسا که ڕۆڵێکی ئیجابییان هه‌بوه لهپاڵپشتیکردن بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و ڕێكه‌وتنه، ئێستاش به‌ریتانیا هه‌ڵوێستێکی ئیجابی به‌رامبه‌ر جێبه‌جێکردنی ئه‌و ڕێککه‌وتنه هه‌یه.
شارپرێس: دوا پرسیار، به‌ڕێز دێرار، وەک چۆن تۆ نوێنەری سیاسیی (هەسەدە)ی، ئایا (هەسەدە) دەستبەرداری چەکەکانی دەبێت؟
دێرار: هێزەکانی (هەسەدە) دەستبەرداری چەکەکانی نابن پێویسته هه‌موو دونیا ئه‌مه بزانێت، چونکە لەناوچەکانی خۆیدایەو بەرگریی لەخۆی دەکات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كگرتن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى به‌رگریى سوریادا ڕوبدات، ئه‌وكات چه‌كه‌كانى ده‌بنه به‌شێك له‌چه‌ك‌و پێویستیه سه‌ربازیه‌كانى ئه‌و وه‌زاره‌ته، به‌ڵام ئه‌وكاتیش جگه لههاوكاریكردنى سوپاى سوریا، هاوكات هه‌سه‌ده له‌ناوچه‌كانى خۆیاندا ده‌مێننه‌وه‌و پارێزگاریى ده‌كه‌ن.
لەهەمانکاتدا هێزەکانی هه‌سه‌ده هاوبەشێكى سهرهكىو متمانه‌پێكراوى هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژى داعش‌و به‌تایبه‌ت ئه‌مریكایه، بۆیە پێویستە حکومەتی دیمەشق لەبابەتی بەرگریی‌و دامەزراندنی وەزارەتی بەرگرییەکەیدا، پشت بەهێزەکانی هه‌سه‌ده ببەستێت، چونکە هه‌سه‌ده شارەزایە لەبابەتی شەڕو چەکدا.
شارپرێس: زۆر سوپاس به‌ڕێز ڕیاز دێرار کە لەئەوروپاوە وەڵامی پرسیارەکانى شارپرێس-ت دایەوە.
دێرار: سوپاس بۆ دەزگای میدیایى شارپرێس.
