هانده‌رانى زاخۆ خه‌ڵاته‌ گه‌وره‌كه‌یان به‌ده‌ستهێنا

وەرزش

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2822 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یەکێتیی تۆپی پێی نێوده‌وڵه‌تى ناسراو به‌(فیفا)، خەڵاتی باشترین هاندەری لەسەر ئاستی جیهان بەخشییە یانەی زاخۆ.


جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی نێوده‌وڵه‌تى (فیفا)، پەیامێکی تایبەتی ئاراستەی هاندەرانی یانەی وەرزشیی زاخۆ کردو ڕایگەیاند، "ئەوان شایستەی وەرگرتنی خەڵاتی باشترین هاندەری فیفان بۆ ساڵی 2025".

ئینفانتینۆ لەهەژماری فەرمیی خۆی نوسیویەتی، "هۆکاری بەخشینی ئەم خەڵاتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەڵوێستە دڵخۆشکەرو مرۆڤایەتییەی کە هاندەرانی زاخۆ لەمانگی ئایاری 2025 ئەنجامیاندا".

لەوکاتەداو پێش دەستپێکردنی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی "حدود"، هاندەرانی زاخۆ لەسەر سەکۆکانەوە هەزاران یاری‌و بوکەڵەی منداڵانیان هەڵدایە ناو یاریگاکە، دواتر ئەو یارییانە کۆکرانەوەو بەخشرانە منداڵانی نەخۆش‌و ئەوانەی لەشارەکەدا پێویستیان بەهاوکاریی بوو.

جیانی ئینفانتینۆ سەبارەت بەو هەڵوێستە نوسیویەتی، "ئەم ساتەوەختەی بەخشندەیی‌و سۆزی بەکۆمەڵ، زۆر کاریگەرو ئیلهامبەخش بوو، ئەوەی پیشاندا کە چۆن تۆپی پێ یەکماندەخات‌و بەیەکەوەمان دەبەستێتەوە".

لەکۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی فیفا دەڵێت، "جێگەی شانازییە بۆ من کە پیرۆزبایی لەهەموتان بکەم، زۆر سوپاستان دەکەم".