شارپرێس:
ڕێبەری دروزی لەسوریا، ڕایگەیاند،" ئێمە هێرشی ڕەشەکوژەکانمان تێکشکاندو داوای سەربەخۆیی خۆمانمان کرد بۆ پاراستنی کەرامەت و ئاشتی، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی بڕیاردانی چارەنوس".دەشڵێت،" پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ مافەکانی برا کوردەکانمان دەردەبڕین".
شێخ حیکمەت هەجەری ڕێبەری دروزەكانی سوریا لەوتارێكدا ڕایگەیاند، پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ مافی برا کوردەکانمان دەردەبڕین، دەستخۆشییان لێدەکەین بۆ هۆشیاری و ڕەتکردنەوەی زوڵم."
شێخ حیکمەت سەلمان هەجەری، کە زۆربەی دروزەکانی سوریا ئاماژەی بەوەکرد،" لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ئەم ساڵە سەختە کە بەسەر هەموماندا تێپەڕی، لەپێگەی خۆمانەوە لەسەرۆکایەتیی ڕوحی، ئەم پەیامەتان ئاڕاستە دەکەین؛ بەو هیوایەی داهاتویەکمان هەبێت کە باشتربێت و هاوتای داواکارییە ڕەواکانتان و هەوڵە ماندونەناسەکانتان بێت. بەپشودرێژی و خۆڕاگریتان، دەگەینە کەناری ئارامی لەنزیکترین کاتدا."
هەجەری دەڵێت،" لەماوەی ئەم قۆناغە ڕاگوزەرەدا، هیچ جیاوازییەکمان هەست پێنەکرد لەنێوان نەهامەتییەکانی ڕژێمی ستەمکارو نەهامەتییەکانی کوشتاری گروپە نوێیەکان، تەنیا لەناو و شێوەدا نەبێت."
شێخ حیکمەت، لەپەیامەکەیدا کە بەدەنگوڕەنگ بڵاویکردوەتەوە، دەڵێت،" هەرکاتێک داوای مافی سورییەکانمان کرد، ڕق و کینەیان بەرامبەرمان زیادی کردو دەستیان کرد بەبیانوو بۆ هێرشکردنە سەرمان و لەنێوبردنمان. تاوەکو گەیشتە ئەوەی کارەساتی تەمموزی ڕەشمان بەسەردا بهێنن؛ کوشتاریان کردو ماڵیان سوتاندین و سامانی خەڵکی مەدەنییان تاڵان کردو دەستیان بۆ ناموس و دابونەریت برد."
دەشڵێت،" تائێستاش ڕێگریمان لێ دەکرێت بگەڕێینەوە بۆ گوندەکانمان بەبیانوی ئەمنی و ویستی نێودەوڵەتی."
شێخ حیکمەت پێداگری دەکات لەسەر" وەرگرتنەوەی ماڵەکانیان، ئەو ماڵانەی ئازیزانیان تێیدا شەهید بون و تەنانەت نەیانتوانی تەرمەکانیشیان بنێژین."
باس لەوە دەکات،" ئەمە تاوانێکی قێزەون بوو کە لەمێژوی مرۆڤایەتیدا هاوشێوەی نەبوە. بۆیە پیاوەکانمان بۆ بەرگری لەخاک و ناموس و بونمان، ڕاپەڕین، هێرشی قڕکردنمان تێکشکاند و داوای سەربەخۆیی خۆمانمان کرد بۆ پاراستنی کەرامەت و ئاشتی، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی بڕیاردانی چارەنوس."
شێخ حیکمەت هەجەری، بەشێکی وتارەکەی تایبەت کرد بەکوردی ڕۆژئاڤا و وتی،" پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ مافەکانی برا کوردەکانمان دەردەبڕین، دەستخۆشی لەبراکانمان لەکەناراوەکانی سوریا دەکەین بۆ هۆشیاری و ڕەتکردنەوەی زوڵم. هەروەها سڵاو بۆ ئەو گەنجە قارەمانانەی دەرەوەی وڵات دەنێرین کە ئەوەی لەتوانایاندابوو بۆ کەسوکاریان کردیان."
