شارپرێس:
له‌دواى مەراسیمی ساڵیادی کۆچی دوایی محەممەد باقر حەکیم، ته‌یف سامى وه‌زیرى دارایی عێراق، ئاماده‌نه‌بوو به‌ته‌نها یه‌ك وشه‌ش باسى موچه‌ى هه‌رێمى كوردستان بۆ كه‌ناڵه‌كانى ڕاگه‌یاندن بكات.
ئه‌مڕۆ له‌شارى به‌غداى پایته‌ختى عێراق، مەراسیمی ساڵیادی کۆچی دوایی محەممەد باقر حەکیم به‌ڕێوه‌چوو، ژماره‌یه‌ك زۆر كه‌سایه‌تى سیاسیى‌و ئایینى‌و سه‌ربازیى عێراق به‌شدارییان تێداكرد، له‌دواى مه‌راسیمه‌كه زۆربه‌ى به‌رپرسانى باڵا له‌بواره‌كانى خۆیان وه‌ڵامى پرسیارى ڕۆژنامه‌نوسان‌و ده‌زگاكانانى ڕاگه‌یاندنیان دایه‌وه.
جیاواز له‌به‌رپرسانى باڵاى عێراق، ته‌یف سامى وه‌زیرى دارایی عێراق، كاتێك مایكى ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن برایه به‌رده‌مى، كه زۆرینه‌یان مایكى كه‌ناڵه‌كانى ڕاگه‌یاندنى كورد بون، له‌باره‌ى موچه‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌وه پرسیاریان لێكرد‌و ته‌نانه‌ت تكایان لێ‌كرد به‌ته‌نها وشه‌یه‌ك زانیاری‌یان له‌باره‌ى موچه‌وه پێبدات، به‌ڵام وه‌زیرى دارایى عێراق، وه‌ك له‌ڤیدیۆكاندا ده‌رده‌كه‌وێت، نه‌ك ئاماده‌نه‌بوو به‌وشه‌یه‌كیش زانیاریى ئاشكرابكات، به‌ڵكو هه‌ر ده‌میشى نه‌كرده‌وه‌و هیچى نه‌وت.
ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ى وه‌زیرى دارایی عێراق، هێنده‌ى دیكه موچه‌خۆران‌و فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى له‌دودڵیدا هێشته‌وه سه‌باره‌ت به‌سێ موچه‌ى كۆتایی ئه‌مساڵیان مانگه‌كانى (10، 11و 12) ئاخۆ چه‌ند موچه ده‌درێت‌و چه‌ندى ده‌فه‌وتێت یان به‌ده‌ردى ساڵانى ڕابردویان ده‌چێت، ئه‌مڕۆش 20ى 12ى 2025ه‌و تائێستا موچه‌ى مانگى 10ى ئه‌مساڵ نه‌دراوه، ترسیش هه‌یه هیچ موچه‌یه‌كى دیكه تاوه‌كو ساڵى داهاتوو له‌هه‌رێم دابه‌شنه‌كرێت، هه‌رچه‌ند وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم ئاشكرایكردوه، له‌م هه‌فته‌یه‌دا 120 ملیار دینارى داهاتى ناوخۆ بۆ مانگى 10 ڕه‌وانه به‌غدا ده‌كرێت، به‌ڵام له‌به‌غداوه هیچ ئاماژه‌یه‌كى ناردنى موچه‌ى ئه‌و مانگه‌ش دیار نییه.
