پارتی پشتیوانیکردنی بافڵ تاڵەبانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار ڕادەگەیەنێت

کوردستان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3304 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی ئاشكرایكرد، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق مافی کوردەو کاندیدی ئەو پۆستە پێویستە کۆدەنگی لەسەر بێت، دەشڵێت،" هەرچەندە پشتیوانی کاندیدکردنی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەو پۆستە دەکەن، بەڵام بەهۆی کێشەی زمان، بڕوانامەو لەدایکبوونەوە قورسە لایەنەکانی عێراق پێشوازی لەکاندیدکردنی بکەن".


هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەکەناڵی شەرقییە نیوزی ڕاگەیاندوە، هۆکاری پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ململانێی ئیرادەیە، چونکە هەرچەندە ڕوانگەی هاوبەشمان داڕشتبوو و پێش هەڵبژاردن بەرکەوتەی باشمان بەیەکێتیدا، بەڵام ئەوان کاتیان کوشت، ئێستاش دۆخەکە گۆڕاوەو ئێمە بەجیا گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی کابینەی حکومەتی کوردستان و عێراق دەکەین".

لەبارەی خۆکاندیدکردنی بافڵ تاڵەبانیش بۆ پۆستی سەرۆکک ۆماری عێراق، زێباری وتی، ئەم پۆستە مافی کوردەو دەبێت کاندیدی کورد بۆ ئەم پۆستە کۆدەنگی لەسەر بێت نەک لایەنێک کێی بوێت ئەو کاندید بکات، ئەوەش ئاشكرادەكات، وەك پارتی لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانی کاندیدکردنی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەو پۆستە دەکەن، بەڵام باوەڕیان وایە بەهۆی کێشەی زمان، بڕوانامەو لەدایکبونەوە قورسە لایەنەکانی عێراق پێشوازی لەکاندیدبوونی بافڵ تاڵەبانی بکەن و بیرۆکەکەیان بەدڵ نابێت، بۆیەش پێشبینی ناکەن ناوبراو خۆی کاندید بکات.