لەترسی لێکترازانی ناو ماڵی خۆیان.. شیعییەکان داوای یەک کاندیدی سەرۆک کۆمار دەکەن

عیراق

02/01/2026‌ 756 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لایەنە شیعییەکانی عێراق و بەتایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی، لەهەوڵدان بۆ ئەوەی لایەنە کوردییەکان یەک کاندیدی هاوبەشیان هەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەوەش لەترسی ئەوەی لێکترازانی لایەنە کوردییەکان بگوازرێتەوە ناو ماڵی شیعە و کاریگەری لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیرانیش هەبێت، کە لەپشکی خودی شیعەکاندایە.


بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، کۆبونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی دەرگایەکی فراوان بەڕوی دوبارە دەستپێکردنەوەی لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان لەبەغدا دەکەنەوە.

سەرچاوە نزیکەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرایانکردوە، چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لەسەر پێویستیی ڕێککەوتنی کورد لەسەر یەک کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار کردەوە، بۆ ئەوەی هێزە شیعەکان توشی شەرمەزاری نەبن لەکاتی یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستە لەپەرلەماندا، هەروەها نایانەوێت لایەنە شیعییەکان هەڵوێستی جیاوازیان لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار هەبێت.

زانیارییەکان ئاشکراشی دەکەن، نزار ئامێدی، دیارترین کاندیدە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، کە لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە پێشنیارکراوە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی مێژوی پیشەیی و پەیوەندییە هاوسەنگەکانی ناوبراو لە گۆڕەپانی سیاسیدا .

بەپێی دەستوری عێراق، پێویستە لەماوەی 30 رۆژی دوای ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی هەر خولێکی نوێی پەرلەمانی عێراق، سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، بەوپێیەش دەبێت تاکو رۆژی 26ی ئەم مانگە سەرۆک کۆماری نوێ هەڵبژێردرێت.

بەپەلە