شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، تەواوی بارەگا و دامەزراوەکانی یونامییان وەرگرتوەتەوەو لەمەودوا پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتەو نەتەوە یەکگرتوەکان پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە کە بە قۆناغی هاوبەشیی گەشەپێدان ناسێنراوە.
لەچوارچێوەی بڕیاری حکوومەتی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بەئەرکی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) و، پاڵپشت بەبڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە وادەی 31ـی کانونی یەکەمی 2025ـی وەک دوا وادە بۆ کۆتاییهاتنی کارەکانیان دیاری کردبوو، ئەمڕۆ شەممە 3ـی کانوونی دوەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، وەرگرتنەوەی تەواویی بارەگانی یونامی لەوڵاتەکە ڕاگەیاند.
وەزارەتەکە لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، محەممەد حسێن، بریکاری وەزارەتی دەرەوەو سەرۆکی لیژنەی باڵای وەرگرتنەوەی بارەگاکانی یونامی لەسەرتاسەری وڵات، لەگەڵ کلاودیۆ کۆردۆنی، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان، پڕۆتۆکۆڵی وەرگرتنەوەی کۆمەڵگەی یەکگرتوی نەتەوە یەکگرتوەکانیان لەبەغدا واژۆ کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق ستایشی ئەو هەوڵانەی کرد کە یونامی لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوو خستبوەیە گەڕ، هەروەها ئاستی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکە بەرز نرخاند.
ئەمەش لەکاتێکدایە پێنج شەممەی ڕابردوو، تیمی نەتەوە یەکگرتوەکان لەعێراق، ڕایگەیاند، دوای كۆتایهاتنی ئەرکی یونامی لەعێراق، تیمەكەیان بەهاوبەشیی لەگەڵ حکومەتی عێراق، بۆ کارکردن لەسەر ڕێککەوتنی پشتیوانیکردن لەگەشەپێدانی درێژخایەن بەردەوام دەبێت.
