شارپرێس:
پزیشكی دادی سلێمانی له‌باره‌ى ڕوداوه‌كانى هاتوچۆوه ئامارێكى مه‌ترسیدار بڵاوده‌كاته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، یه‌ك له‌سه‌ر چوارى هۆكاره‌كانى گیانله‌ده‌ستدان ڕوداوه‌كانى هاتوچۆ بوه، ده‌شڵێت، "به‌راورد به‌ساڵى 2024، له‌ساڵى 2025دا گیانله‌ده‌ستدان به‌ڕوداوه‌كانى هاتوچۆ زیادیكردوه".
د. به‌ختیار ڕه‌شید قادر پزیشكی دادوه‌ری له‌به‌رنامه‌ی ڕۆژانه‌ی ترافیكی ڕادیۆی هاتوچۆى سلێمانیدا ڕایگه‌یاند، "835 حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان له‌ساڵی 2025دا له‌پزیشكی دادی سلێمانی تۆماركراوه".
ده‌شڵێت، "له‌و ڕێژه‌یه 226 حاڵه‌تیان هۆكاره‌كانى ڕوداوی هاتوچۆوه بوه كه ده‌كاته ڕێژه‌ی یه‌ك له‌سه‌ر چواری گیانله‌ده‌ستدانه‌كان‌و زۆرترین حاڵه‌تیش له‌مانگی 11دا بوه كه 29 حاڵه‌ته، به‌ڕاستى ئه‌وه‌ش مه‌ترسیداره‌و پێویستى به‌هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه".
ئه‌و پزیشكه دادوه‌رییه ئاشكراشیكرد، له‌حاڵه‌ته‌كانی گیانله‌ده‌ستدان به‌ڕوداوی هاتوچۆ 183 له‌ڕه‌گه‌زی نێر‌و 43یان له‌ڕه‌گه‌زی مێ بون، هاوكات 34 حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی ماتۆرسكیل‌و 31 حاڵه‌تیش پیاده‌ڕه‌و و 161ی دیكه‌ش به‌هۆی ڕوداوی ئۆتۆمبێله‌وه بوه.
د. به‌ختیار پزیشكی دادوه‌ری، هۆكاری ڕوداوه‌كانی هاتوچۆی بۆ خێرایی شۆفێران گێرایه‌وه‌و وتی، "زۆرینه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی گیانیانله‌ده‌ستداوه، زه‌بر‌و زیانی زۆر به‌ر سه‌ریان كه‌وتوه‌و هۆكاره‌كه‌شی پێده‌چێت ئه‌وه‌بێت، پشتێنی سه‌لامه‌تییان به‌كارنه‌هێناوه".
سه‌باره‌ت به‌ته‌مه‌نى ئه‌وكه‌سانه‌شى به‌هۆى ڕوداوه‌كانه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه، د. به‌ختیار ده‌ڵێت، "ته‌مه‌نى 18 بۆ 25 ساڵ زۆرترین ئه‌وكه‌سانه‌ن كه گیانله‌ده‌ستده‌ده‌ن، به‌ڵام له‌نێوان ئه‌و ته‌مه‌نه‌شدا، ته‌مه‌ن 21 ساڵ زۆرترینن".
