شارپرێس:
بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاندوە، تەلئەبیب ڕێگەنادات فڕۆکە جەنگییەکانی F-35 کە ئەمریکا بەبەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئیسرائیلی بەرهەمیان دەهێنێت بەتورکیا بفرۆشرێن.
شارین هاسکل جێگری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەلێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "کاسیمێرینی"ی یۆنانی ئاماژەی بەوەکردوە کە نیگەرانیی لای وڵاتەکەی دروستبوە سەبارەت بەئەگەری ئەم فرۆشتنە.
ڕونیشیکردوهتەوە، بەشێکی زۆری ئەو تەکنەلۆژیایەی لەم فڕۆکەیەدا بەکارهاتوە لەلایەن ئیسرائیلەوە پەرەی پێدراوەو ئەوان ئامادەنین ئەم تەکنەلۆژیایە هاوبەش بکەن.
بهگوێرهى زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، بەرپرسانی ئیسرائیل بێزارن لەهەڵسەنگاندنەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بەڕێککەوتنی گریمانکراوی فڕۆکەکانی F-35 لەگەڵ تورکیا، هاسکل جەختیکردوهتەوە، ئەگەر تورکەکان ئەو فڕۆکانە بەدەستبهێنن، ئەوا نابێت تەکنەلۆژیای ئیسرائیلی بەشێک بێت لەو ڕێککەوتنە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "بلۆمبێرگ" ئاماژەی بەوەکردوه، گەڕانەوەی تورکیا بۆ پڕۆژەی دروستکردنیF-35 و وەرگرتنی ئەو فڕۆکانەی کە پێشتر پارەکەیان دراوە، تەنها هەنگاوێک نییە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لەگەڵ واشنتۆن، بەڵکو "پێویستییەکی حەتمی"یە بۆ پشتگیریکردن لەسیستەمی بەرگریی ناتۆ.
ئەردۆغان جەختی لەوەشکردوهتەوە، دورخستنەوەی تورکیا لەو بەرنامەیە بڕیارێکی نادادپەروەرانە بوە، هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆکایەتیی، ئەمریکا زەمینەیەکی ژیرانەترو بونیادنەرانەی ڕەخساندوە بۆ گواستنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیاو ئەمریکا بۆ ئاراستەیەکی باشتر.
