فه‌رمانده‌یه‌كى باڵاى هه‌سه‌ده‌ هۆشداریى به‌هێزه‌كه‌ى شه‌رع ده‌دات

کوردستان

07/01/2026‌ 5146 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فه‌رمانده‌یه‌كى باڵاى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) په‌یامێك ئاراسته‌ى شه‌ڕڤانانى كورد له‌گه‌ڕه‌كه‌ كوردیه‌كانى شارى حه‌له‌ب ده‌كات‌و ده‌ڵێت، "به‌خۆڕاگریتان باجێكى گه‌وره‌ به‌ده‌ستدرێژیكاران بده‌ن"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "دڵنیاشتان ده‌كه‌ینه‌وه‌، شێخ مەقسودو ئەشرەفیە، بەقەڵای بەرخۆدان دەمێننەوەو ناشکێن".


سیپان حەمۆ ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) له‌په‌یامێكدا بۆ دانیشتوانى گه‌ڕه‌كه‌ كوردنشینه‌كانى (ئه‌شره‌فیه‌، شێخ مه‌قسودو به‌نى زه‌ید) ده‌ڵێت، "ئەمە ڕۆژی شکۆمەندییە، شێخ مەقسودو ئەشرەفیەو به‌نى زه‌ید، هێمای خۆڕاگریی‌و خۆڕاگرین، ئێوه‌ زیاتر لە15 ساڵە ڕوبەڕوی هەموو جۆرە هێرش‌و گەمارۆو دەستدرێژییەک بونەتەوە".

ده‌شڵێت، "ئێمە باوەڕمان بەئاستی بەرزی هۆشیاری نەتەوەیی‌و پابەندبونیان بەگەڕەک‌و ماڵەکانیان‌و پشتیوانی بێوچانیان بۆ کوڕو کچەکانیان کە لەبەرگریکردن لەکەرامەت‌و ئاسایشدا دەجەنگن".

ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "پێمانوایە خۆڕاگریی‌و یەکگرتویی ئێوه‌، دەبێتە هۆی ئەوەی دەستدرێژیکاران درک بەباجی دەستدرێژییەکەیان بکەن".

فه‌رمانده‌كه‌ى هه‌سه‌ده‌ بۆچونى وایه‌، "دڵنیاین کە خۆڕاگریی‌ دانیشتوان، بناغەی پوچەڵکردنەوەی هەموو پیلان‌و هەڕەشەکان بوەو هەرواش دەمێنێتەوە".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "شێخ مەقسودو ئەشرەفیەو به‌نى زه‌ید، بەقەڵای بەرخۆدان دەمێننەوەو ناشکێن، خۆڕاگریی‌و ڕاپەڕینی گەلەکەمان بەئیرادەیەکی بێوچان بەردەوامدەبێت تا خاک‌و گەل‌و کەرامەت پارێزراو دەبێت".