شارپرێس:
بارەگای بارزانی لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بارزانی میوانداریی باڵیۆز تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ سووریا و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات و محەمەد ئیسماعیل سەرۆكی ئەنەكەسەی کردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ڕۆژی شەممە 17ی كانوونی دووەمی 2026 لە پیرمام مەسعود بارزانی میوانداریی كۆبوونەوەیەكی گرنگی كرد لەنێوان باڵیۆز تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا و ویندی گرین كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر و ژەنراڵ كێڤن لامبارت فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا و كۆڵۆنێڵ زاكاریا كۆرك و ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات و محەمەد ئیسماعیل سەرۆكی ئەنەكەسە.
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە دیدارەكەدا بارزانی بەگەرمی بەخێرهێنانی هەموو لایەنەكانی كرد و سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكێش كردن كە لەم هەلومەرجە تایبەتەدا ئامادەیان بۆ ئەم كۆبوونەوەیە هەبووە لەپێناو ئاشتی و ڕێگرتن لە توندوتیژی. بارزانی جەختی لە بایەخ و گرنگیی دیالۆگ و سەقامگیری و پێكەوەژیان لە سووریای نوێ كردەوە.
هەروەها تۆم باراك بە نوێنەرایەتیی ئەمەریكا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی بارزانی كرد بۆ ئەم میوانداری و كۆبوونەوەیە و پشتیوانییە بەردەوامەكانی.
دواتر ئامادەبووان گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان هەبوو لەسەر چەند بابەتێك و بۆ هێنانە ئارای سەقامگیری ڕۆشناییان خستەسەر چەند هەنگاوێكی كرداری.
