شارپرێس:
سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەسەرەتای مانگی داهاتوەوە باجی گومرگی دەخاتە سەر کاڵای 8 وڵاتی ئەوروپاو دەڵێت،" تا ئەو کاتەی ڕازی دەبن دورگەی گرینلاند بەئەمریکا بفرۆشن، باجی گومرگی بەردەوام بەرزدەبێتەوە".
دۆناڵد ترەمپ, سەرۆکی ئەمریکا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نوسیویەتی، وڵاتەکەی ساڵانێکی زۆرە بەبێ وەرگرتنی باج پاڵپشتیی دارایی دانیمارک و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپای کردووە، بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە قەرەبوی ئەمریکا بکرێتەوە.
ترەمپ ڕایگەیاندوە، لەڕۆژی 1ی شوباتی 2026ەوە، بەڕێژەی 10% باجی گومرگی دەخاتە سەر تەواوی ئەو کاڵایانەی لەدانیمارک، نەرویج، سوید، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، هۆڵەندا و فینلاند ڕەوانەی ئەمریکا دەکرێن.
هەروەها هۆشداریداوە کە ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، لە1ی حوزەیرانی 2026ەوە ڕێژەی باجەکە بۆ 25% بەرز دەکرێتەوە.
ترەمپ مەرجی لابردنی ئەو سزایانەی بەستوەتەوە بەکڕینی تەواوەتی دورگەی گرینلاند لەلایەن ئەمریکاوە.
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت: چین و ڕوسیا چاویان بڕیوەتە گرینلاندو دانیمارک ناتوانێت بیپارێزێت، چونکە تەنیا دوو گالیسکەی سەگیان بۆ پاراستن هەیە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشدا، کڕینی گرینلاند پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ سیستەمی بەرگریی نوێی ئەمریکا ناسراو بەگومبەزی زێڕین، کە بەبێ جوگرافیای گرینلاند سیستەمەکە بەکارایی تەواو کار ناکات و دەڵێت،"کەس دەست بۆ ئەم پارچە خاکە پیرۆزە نابات جگە لەئەمریکا.
