شارپرێس:
دەرکەوتنی دراوێکی عێراقی کە وێنەی سەدام حوسێن سەرۆکى له‌سێداره‌دراوى عێراقی لەسەرە، مشتومڕێکی زۆری به‌دواخۆیدا هێناوه، ئه‌وه‌ش له‌كاتى گفتوگۆى تره‌مپ‌و ساڤایا له‌كۆشكى سپى بوو.
ئەو دیمەنەی کە بەڕواڵەت بێ زیان بوو، هەرزوو، بوو بەبابەتی گفتوگۆی گەرم، پرسیارەکان سەبارەت بەگرنگی دەرکەوتنی دراوه‌كه لەمکاتە تایبەتەدا سەریانهەڵدا، به‌ڵام پرسیارى زۆریشى به‌دواى خۆیدا هێنا، ئاخۆ تەنها ڕێکەوتێکە یان هەڵگریی پەیامی سیاسیی‌و ڕەمزیی قووڵتره.
دوێنێ 20ی ئه‌م مانگه، ساڤایا وێنەی کۆبونەوەیه‌كى خۆیى‌و تره‌مپى لەئەکاونتی خۆى له‌پلاتفۆڕمی ئێکس بڵاوکردەوە، لەوێنەکەدا دەرکەوتوە کە ترەمپ لەسەر مێزێک دانیشتوە، ساڤایا لەتەنیشتی وەستاوەو لەکاتی قسەکردنیدا سه‌رنجى بۆسه‌ر مێزه‌كه چوه، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌و مێزه دراوێكى كۆنى عێراقی بونى هه‌یه لەبەردەم سەرۆکی ئەمریکا كه وێنه‌ى سه‌دام حسێنى له‌سه‌ره.
ئەو دراوە کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حوسێن، بەلەبەرچاوگرتنی هەستیاریی وێنه‌ى سه‌ر دراوه‌كه‌و مێژوه سیاسییەکەی، بەتایبەتی لەچوارچێوەی گرژییه‌كانى ئەمریکاو عێراقدا، شەپۆلێک پرسیار‌و لێکدانەوەی به‌دواى خۆیدا هێناوه، زۆرکەس ئەو دیمەنەیان بەنائاسایی‌و پڕ لەمانا ڕەمزییە قووڵەکان زانیوه.
سەرەڕای ئەو مشتومڕە، مارک ساڤایا هیچ ڕونکردنەوەیەکی بۆ بونی دراوەکە له‌سه‌ر مێزه‌كه‌و هۆکاری پشت دانانی لەسەر مێزەکە نەخستوه‌ته‌ڕوو، تەنها نوسیویەتی "ڕۆژێکی نایاب بوو"، لەپۆستێکی دیکەشدا وتویه‌تى، "خۆشحاڵبوم بەبینینت سه‌رۆك"، بەبێئەوەی وردەکاری لەسەر ناوه‌ڕۆكى کۆبونەوەکە بخاتەڕوو.
نەبونی ڕونکردنەوەیەکی فەرمی، دەرگای بۆ قسەو باسێکی بەرفراوان کردوه‌ته‌وه، هەندێک پێیانوابوو دەرکەوتنی دراوەکە بەمەبەست بوەو پەیامێکی سیاسیی هەڵگرتوە، هەندێکی دیکەش بەڕێکەوتێکی سادەیان زانیوە بەبێ بیرکردنەوەیەکی پێشوەختە.
چه‌ند شرۆڤه‌كارێكیش پێیانوایه، ده‌ركه‌وتنى دراوێكى سه‌رده‌مى سه‌دام حسێن له‌سه‌ر مێزى سه‌رۆكى ئه‌مریكاو نێرده‌كه‌ى بۆ عێراق، هه‌ڵگریى په‌یامێكى سیاسیى‌و ئابورییه‌و ڕه‌نگه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى جدى تره‌مپ بێت بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق به‌وه‌ى ئه‌گه‌ر پابه‌ندى په‌یام‌و فشاره‌كانى ئه‌مریكا نه‌بن، ئه‌وا ئابوریى عێراق زیاتر توشى وێرانكاریى ده‌كه‌ن.
