لە گوندەواری کۆبانێ، ماڵ و موڵکی خێزانە کوردەکان تاڵان دەکرێت

کوردستان

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 334 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، چالاکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە دوای چوونە ناوەوەی چەتەکانی سەر بە حکوومەتی کاتی بۆ گوندەواری باشووری کۆبانی، تاڵانییەکی ڕێکخراو و بەرفراوان بەرامبەر ماڵ و موڵکی خێزانە کوردەکان ئەنجام دراوە.

 ئەو خێزانانەی کە لە ترسی شەڕ و دەستدرێژی ماڵەکانیان بەجێهێشتووە و بەرەو ناوەندی شاری کۆبانی کۆچیان کردووە، سەرجەم کەلوپەلی نێو ماڵەکانیان لەلایەن ئەو گرووپانەوە تاڵان کراوە.

سەرچاوەکان جەختیان کردۆتەوە کە تەنانەت ئەو کوردانەی لە گوندەکانیاندا ماونەتەوە، ڕووبەڕووی پێشێلکاریی و هەڕەشە بوونەتەوە؛ بەجۆرێک چەتەکان داوای پارەیان لێ کردوون لەبەرانبەر مانەوەیان لە زێدی خۆیان.

یەکێک لە ئاوارەکان باسی لەوە کردووە کە بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانی ناچار بووە ڕابکات و ئێستا ماڵەکەی لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

هەروەک دانیشتوویەکی دیکەی ناوچەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە چەتەکان داوای بڕی 5000 دۆلاری ئەمریکییان لە خێزانێکی کورد کردووە تەنیا بۆ ئەوەی ڕێگەیان پێ بدەن لە گوندەکەدا بمێننەوە.

ئەم ڕەفتارانە لە چوارچێوەی زنجیرە پێشێلکارییەکانی هێزەکانی سەر بە حکوومەتی جۆلانییە کە بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان خێزانی کورد لە گوندەکانی باشووری کۆبانی بەهۆی بۆردوومان و هێرشە بەردەوامەکانەوە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە