ئەنەكەسە بەپەیامێكی توند وەڵامی حكومەتی سوریا دەداتەوە

کوردستان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3272 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنەكەسە پەیامێك دەداتە دەسەڵاتدارانی سوریاو دەڵێت، دەبێت شەڕ بوەستێت و گەمارۆی سەر کۆبانی هەڵبگیرێت.


ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی لەسوریا (ئەنەكەسە) وەڵامی داوایەكی دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەداتەوەو  چەند مەرجێكی پێشوەختەی دیاریكردوەو دەڵێت،" دەبێت دەستبەجێی هێرشە سەربازییەكان  بوەستێنرێن و لەبەرامبەردا پەنابیرێت بۆ گفتوگۆ تاچارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بە شێوەیەک کە خزمەت بەپرۆسەی بونیادنانی سوریایەکی نوێ بکات.

هاوكات دەشڵێت،" هەڵگرتنی گەمارۆو هەموو ئەو كۆتوبەندانەی کە بەسەر شاری کۆبانی سەپێنراون بۆ دەستەبەرکردنی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و جموجۆڵی بێ بەربەستی هاوڵاتیانی".

ئەنەكەسە لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەكەدا ئلملژەی بۆ ئەوەكردوە، پێشەنگیدان بەپرسی كورد لەپرۆسەی سیاسی و زامنکردنی بەشداری کاریگەرانەی کورد لەداڕشتنی ئایندەی وڵات لەڕێگەی شاندی دانوستانکاری هاوبەشی کوردەوە کە وەک چوارچێوەی نوێنەرایەتی کۆدەنگی کورد کاردەکات، لەم ڕوەوە ئەنجومەن فەرمانی سەرۆکایەتی ژمارە (13) بەهەنگاوێکی سەرەتایی ئەرێنی دەزانێت کە دەتوانرێت بونیادی لەسەر بنرێت و لەچوارچێوەیەکی دەستوریدا پەرەی پێبدرێت کە هاوبەشی و هاوڵاتیبونی یەکسان بچەسپێنێت".

هەروەها باسی لەوەشكردوە، پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی بەپاراستنی تەونی کۆمەڵایەتی و ڕەتکردنەوەی گوتاری ڕقاوی و توندڕەوی و هاندان بەهەموو شێوەکانییەوە.

ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لەدرێژەی پەیامەكەیدا جەخت لەسەر یەکڕیزی هەڵوێستی کورد دەکاتەوە، بڕیاری سیاسی تاکلایەنە ڕەتدەکاتەوە، داوای بەشداری بونیادنەرانە لەپڕۆسەی سیاسی نیشتمانی دەکات، بەجۆرێك بەشداربێت لە چەسپاندنی سەقامگیری و گەیشتن بەخواستەکانی گەلی کورد.

ئەنەكەسە داوا لەهەموو هێزە نیشتمانییەکانی سوریا دەکات، کە ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی دادپەروەرو ناناوەندی و دیموکراسی کە مافەکانی هەموان دەستەبەر بکات.

ئەمە لەكاتێكدایە،  ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا پەیوەندی بەمحەمەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردەوە کردوەو بانگهێشتی کردوە بۆ پێکهێنانی شاندێکی هاوبەشی کورد بۆ سەردانی دیمەشق.

بەپەلە