لەڕۆژئاواوە سوپاسی هەرێمی كوردستان دەكرێت

کوردستان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 455 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەستەی پەروەردەو فێرکردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەڕۆژئاوای کوردستان، پێشوازی لەبڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ تەرخانکردنی یەکەم وانەی خوێندن بۆ پشتیوانی ڕۆژئاواو دەڵێت،" سوپاسی هەرێمی كوردستان دەكەین و دوپاتیدەكەینەوە كە چارەنوسمان یەكەو سنورە دەستكردەكان ناتوانن لێكمان داببڕن".


 دەستەی پەروەردە و فێرکردنی ڕۆژئاوا لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەیداوە، بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تەرخانکردنی وانەی یەکەم لەسەرجەم قوتابخانەکان بۆ پشتیوانی گەلی کورد لەڕۆژئاوا، بەرز دەنرخێنن و بەبڕیارێکی پیرۆز و مێژویی وەسفی دەکەن.

دەشڵێت،" ئێمە دوپاتی دەکەینەوە کە چارەنوسمان یەکەو سنورە دەستکردەکان هەرگیز ناتوانن لێکمان داببڕن".

سەبارەت بەدۆخی خوێندن لەڕۆژئاوا، لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، لەکاتێکدا دڵی قوتابییانی هەرێمی کوردستان لە پۆلەکانەوە بۆ ئێمە لێدەدات، قوتابخانەکانی ئێمە بونەتە پەناگە. ئاوەشی خستۆتەڕوو، كە بڕیار بوو ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی وەرزی دوەمی خوێندن بێت، بەڵام بەهۆی شەڕ و هێرشەکانەوە لەجەزیرە و کۆبانێ پرۆسەی خوێندن وەستاوەو قوتابخانەکان بوونەتە کامپی ئاوارەکان و قوتابییان لەخوێندن بێبەش بون.

دەستەی پەروەردەی ڕۆژئاوا سوپاسی خەڵک و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی کردوەو شەڕی قڕکردنی سەر ناوچەکەیانی ئیدانە کردوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە وانەی یەكەمی لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی ، تەرخانكرد بۆ وتنەوەی وانەیەکی تایبەت بەپشگیری ڕۆژئاوای کوردستان.

بەپەلە