شارپرێس:
باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا، لەدوای بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەک لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە هاتەدەنگ و دەڵێت،" میدیا بوەتە مەیدانی گاڵتەجاڕی".
ئۆباما لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند،" زۆرینەی گەلی ئەمریکا ئەم جۆرە ڕەفتارانە بەنیگەرانی دەبینن و سۆشیال میدیاو شاشەی تەلەفزیۆنەکان بونەتە مەیدانی گاڵتەجاڕی تێیدا بەهاکانی ڕەوشت، سەلیقەی گشتیی و بەرپرسیارێتی سیاسی بەرەو داڕمان دەچن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی دەیلی بیست، ئۆباما دەرفەتەکەی قۆستەوە بۆ ڕەخنەگرتن لەو داڕمانەی لەوتاری سیاسی ئەمریکادا هەیە، ئەو بە توندی هێرشی کردە سەر ئەو سیاسەتمەدارانەی پەرە بەوتەی توندوتیژ و دور لەبەها کۆمەڵایەتییەکان دەدەن.
هاوكات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوای چەند چركەیەك لەبڵاوبونەوەی ڤیدیۆكە داوای كردوە بسرێتەوەو دواتریش ڕەتیکردەوە داوای لێبوردن بکات و لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،"هیچ هەڵەیەکم نەکردوە، ڕاستە ناوەڕۆکی ڤیدیۆکە ڕەگەزپەرستانەیە، بەڵام بێ دیراسەكردن بڵاوكراوەتەوە".
ڤیدیۆیەكە لەلایەن ستافەكەی ترەمپەوە دروست كراوەو دیمەنەكانی بەگشتی سوکایەتیپێکردنە، چەندین تۆمەتی ساختەکاری لەهەڵبژاردنەکانی 2020 لەخۆگرتبوو، تێیدا ئۆباما بەدەستکاری سیستەمی دەنگدان تۆمەتبار کرابوو بەدەستکاریکردنی ئەنجامەکان بۆ بەرژەوەندی دیموکراتەکان،لەکۆتایی ڤیدیۆکەدا، بۆ ماوەی یەک چرکە دەموچاوی باراک و میشێل ئۆباما وەک مەیمون دەرکەوت.
ئەمە لەكاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گرتە ڤیدیۆیەکی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی تروس سۆشیال بڵاوکردەوە، كەئۆباما و میشێلی هاوسەری بەشێوەیەکی نەشیاو بەجلوبەرگی مەیمونەوە نیشان دەدرێن. ئەمەش بوە هۆی ئەوەی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و ئیدانەکردنی لەناوەندە سیاسییەکانی ئەمریکای لێبکەوێتەوە.
