شارپرێس:
لەکاتێکدا دێرەزور لەسایەی دەسەڵاتی پێشوى (هەسەدە)دا سەقامگیرییەکی ڕێژەیی لەدابەشکردنی سامانو بژێوی بەخۆوە دەبینی، ئەمڕۆ لەژێر چنگی دهسهڵاتى دیمەشقو هەژمونی تورکیادا، نەوتەکەی بوەتە نێچیری شەوانەو دانیشتوانەکەشی بونەتە قوربانیی ڕۆژانە، جیاوازییەکە تەنها لەگۆڕینی ئاڵاکان نییە، بەڵکو لەسەرهەڵدانی سیاسەتێکی سیستماتیکی وایە کە سامانی ناوچەکە بۆ دەرەوە دەدزێتو بۆ ناوخۆش تەنها هەڕەشەی سەربازییو برسیكردن وەک دیاری بۆ عەشایەرەکان بەجێدەهێڵێت.
پارادۆکسی گەورە.. چاککردنەوەی بێدەنگو قاچاخی شەوانە
ئەو لێدوانانەی وەزیری وزەی سوریا کە دەڵێت، "سێ ساڵمان پێویستە بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی نەوت"، لەگەڵ واقیعی سەر زەویدا نایەتەوە، بهگوێرهى سەرچاوە ناوخۆییەکان، هەموو شەوێک لەکاتژمێر 12 تا پێنجی بەیانی، کاروانێکی گەورەی تانکەرەکان لەژێر پەردەی تاریکیدا نەوت بەرەو مەرزی باب ئەلهەوا دەگوازنەوە بۆ ناو خاکی تورکیا، ئەمەش نیشانەی بونی "دەسەڵاتێکی سێبەرە" کە سود لەسامانی گشتیی وەردەگرێت لەکاتێکدا بەفەرمی بانگەشەی وێرانبونی کێڵگەکان دەکات.
تیرۆری ئابووری.. سوتاندنی "كێڵگهكان"و بڕینی نانی خەڵک
هەڵمەتە سەربازییەکانی ئەمدواییە بۆسەر "كیڵگه" ناوخۆییەکانی دێرهزور، تەنها ڕێگریی نییە لەکاری نایاسایی، بەڵکو وهكو سهرچاوهكان باسیدهكهن، تیرۆرێکی ئابورییە، چونكه سوتاندنی ئەو شوێنانەو ڕێگریکردن لەخەڵک بۆ دەستکەوتنی سوتەمەنی بەنرخێکی هەرزان، ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی بازاڕو ناچارکردنی دانیشتوانە بەکڕینی سوتەمەنی گران کە لەلایەن دهسهڵاتى دیمەشقو هاوبەشەکانیانەوە.
زمانی هەڕەشە.. "پەشیمان دەبنەوە"
سەردانی فەرماندە سەربازییەکان وەک ئەبو ڕەزوانو ماهر ئەلنەعیمیو کۆبونەوەیان لەگەڵ عەشایەرەکان، وەرچەرخانێکی مەترسیدارە، بەکارهێنانی دەستەواژەی "ئەگەر بەردەوامبن، پەشیمان دەبنەوە"، پەیامێکی ڕونی دەسەڵاتی ئەمری واقیعە بۆ خەڵکی ناوچەکە كه، "یان دەبێت ڕازیبن بەتاڵانکردنی نەوتەکەتان، یان ڕوبەڕوی سزای سەربازییو ئەمنی دەبنەوە".
چاودێران دهڵێن، ئەمڕۆ دێرەزور لەنێوان دوو بەرداشدایە، لەلایەک، بەرزبونەوەی نرخی نانو پێداویستییە سەرەتاییەکانو نەبونی موچە، لەلایەکی دیكهشهوه، جەنگێکی نەوتیی کە داهاتەکەی بۆ دەرەوەی سنورەو پاشماوەکەی بۆ ناوخۆ، هەژارییو هەڕەشەیە.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، کەی کۆتایی بەم بازرگانى خوێنو نەوتە دێت؟ دێرەزور کە دەبوو پایتەختی ئابوریی سوریا بێت، ئێستا بوەتە "بانکێکی تایبهتى" بۆ لایەنە ناکۆکەکان، ئەوەی لەناوچەکەدا ڕودەدات، نەک تەنها تاڵانییە، بەڵکو کوشتنی وردە وردەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیو عەشایەری ناوچەکەیە لەڕێگەی برسیکردنەوە.
