ئەمریكا هۆشداری دەداتە کەسانی سڤیل لەئێران.. لەم ناوچانە دوربكەونەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 283 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) هۆشدارییەکی توندو بەپەلەی ئاراستەی هاوڵاتییانی مەدەنی ئێران کرد کە دەستبەجێ لەو بەندەرانە دور بکەونەوە کە هێزە دەریاییەکانی ئێرانی تێدا جێگیر کراون.


فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا ڕاستەوخۆ داوا لەکرێکارانی بەندەرەکان، کارمەندانی کارگێڕی و سەرجەم تیمەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ئێران دەکات کە بە هیچ شێوەیەک نزیکی کەشتییە دەریاییەکان و کەلوپەلە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە نەکەون و لێیان دوربکەونەوە.

سێنتکۆم لەڕاگەیەندراوەکەیدا هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ ئەوە گەڕاندوەتەوە، ئێران بەشێوەیەکی بەردەوام بەندەرە مەدەنییەکانی سەر گەرووی هورمز بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەکاردەهێنێت. فەرماندەیییەکە ئاماژەی بەوە کردوە کە ئەم هەنگاوانەی تاران نەک تەنیا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر هاتوچۆی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، بەڵکوو کارێکی مەترسیدارە و ڕاستەوخۆ ژیانی کەسانی بێتاوان و هاووڵاتییانی مەدەنی دەخاتە مەترسییەوە.

لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، وەک پاساوێکی یاسایی بۆ هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراو، فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا پشتی بەیاسا کارپێکراوەکانی جەنگ بەستوەو ڕایگەیاندوە،" ئەو بەندەرە مەدەنییانەی بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردەهێنرێن، پارێزبەندییە یاساییەکەی خۆیان لەدەست دەدەن و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبنە ئامانجێکی ڕەوای سەربازی".