شارپرێس:
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە داوا دەکات بەخێرایی عەمبارە ستراتیژییەکانی نەوت بەکاربهێنرێن و ڕایگەیاند کە بەمەبەستی ڕوبەڕوبونەوەی بەرزبونەوەی نرخەکان و کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر بازاڕی جیهانی، بڕیار دراوە بەشێوەیەکی دەستبەجێ یەدەگی ستراتیژیی نەوت بخێرتە بازاڕەوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ڕایگەیاند کە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخەکان و کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر بازاڕی جیهانی، بڕیار دراوە بە شێوەیەکی دەستبەجێ یەدەگی ستراتیژیی نەوت لە وڵاتانی ئاسیا و ئۆقیانووسیا بخاتە بازاڕەوە.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە بەهۆی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران و مەترسیی هێرشکردنە سەر بەندەر و کەشتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیگەرانییەکی زۆر لەبارەی پچڕانی گواستنەوەی وزە دروست بووە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە وڵاتانی ئەندام پابەند بوون بە دابینکردنی 411.9 ملیۆن بەرمیل نەوت، کە 271.7 ملیۆن بەرمیل لە کۆگای حکوومەتەکان و 116.6 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی پیشەسازیی و 23.6 ملیۆن بەرمیل لە سەرچاوەکانی دیکەوە دابین دەکرێن.
بڕیارە 72 لەسەدی ئەم بڕە بە شێوەی نەوتی خاو و 28 لەسەدی وەک بەرهەمە نەوتییەکان بێت. لەکاتێکدا نەوتی ناوچەکانی ئاسیا ئێستا بەردەستە، بەڵام یەدەگی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا لە کۆتایی مانگی ئازار دەگاتە بازاڕەکان.