تاران بێده‌نگه‌و سەرچاوە ئیسرائیلییەکان هه‌واڵى گیانله‌ده‌ستدانى موجتەبا خامنەیی ڕادەگەیەنن

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2475 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپێشهاتێکی کتوپڕو یەکلاکەرەوەدا، سەرچاوە هەواڵگریی‌و میدیاییەکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، کە موجتەبا خامنەیی کوڕی ڕێبەری پێشوی ئێران، دوای سێ هەفتە لەمانەوەی لەدۆخی بێئاگایی تەواودا (کۆما)، ئەمڕۆ 20ی ئادار لەنەخۆشخانەی لوقمان له‌ڕۆژئاواى تاران گیانی لەدەستداوە.


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویانكردوه‌ته‌وه‌، موجتەبا خامنەیی کە لەهێرشەکانی 28ی شوباتدا بەسەختی بریندار ببوو، چەندین نەشتەرگەریی بۆ ئەنجامدراوه‌، بەڵام جەستەی بەرگەی کاریگەریی برینەکانی نەگرتوەو ئەمڕۆ کۆتا هەناسەی کێشاوە، ئەم هەواڵەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ دواڕۆژی ساڵنامەی فارسییەو وڵاتەکە لەلێواری گۆڕانکارییەکی گەورەدایە.

سەرەڕای بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵە لەئاستی جیهانیدا، تا ئەم ساتە کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ لێدوانێکی فەرمی لەبارەی هەواڵەکەوە نەداوە، تاران نە هەواڵەکە پشتڕاستدەکاتەوەو نە بەفەرمیش ڕەتیدەکاتەوە، ئەمەش گومانەکان لەبارەی داهاتوی دەسەڵات لەئێراندا قوڵتردەکاتەوە.

چاودێران پێیانوایە، بێدەنگیی تاران نیشانەیەکە بۆ هەبونی شۆکێکی گەورە لەناوەندەکانی بڕیاردا، ئەگەر هەواڵەکە ڕاست بێت، ئێران لەیەککاتدا ڕوبەڕوی نەمانی ڕێبەرو جێنشینەکەشی دەبێتەوە، ئەمەش وڵاتەکە دەخاتە ناو تەمومژێکی سیاسیی بێوێنەوە کە ڕەنگە نەخشەی ناوچەکە بگۆڕێت.

ئێستا جیهان چاوەڕێی تارانە؛ ئایا بێدەنگییەکە دەشکێنرێت، یان ململانێی ژورە تاریکەکان بۆ دیاریکردنی کەسی نوێ بەردەوامدەبێت؟