شارپرێس:
میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەقی پەیامێکی نوێیان بەناوی موجتەبا خامنەیی ڕێبەری باڵای وڵاتهكهیان بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی (1405ی کۆچی هەتاوی) بڵاوکردەوە، لەکاتێکدا میدیاکانی ناوخۆ ئەمە وەک پەیامی فەرمی ڕێبەر دەناسێنن، بەڵام نەبونی هیچ دەنگو ڕەنگێکی ناوبراو، شەپۆلێکی نوێی لەپرسیارو گومان دروستکردوە.
سەرەڕای ئەوەی پەیامەکە کۆمەڵێک تەوەری هەستیاری وەک سێ شەڕی سەربازییو ئەمنی ساڵی ڕابردوو و ڕەتکردنەوەی هێرشەکانی سەر تورکیاو عومانی تێدابوو، بەڵام تائێستا میدیاکانی ئێران نەیانتوانیوە هیچ پەیامێکی ڤیدیۆیی یان تەنانەت تۆمارێکی دەنگی موجتەبا خامنەیی بڵاوبکەنەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نەریتی ڕێبەرانی ئێران لەجەژنی نەورۆزدا، هەمیشە گوتاری ڤیدیۆیی ڕاستەوخۆ یان تۆمارکراو بوە.
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوەدەکەن، بەردەوامی بڵاوکردنەوەی پەیامەکان تەنها بەشێوەی دەقی نوسراو، گومانەکان لەسەر دۆخی تەندروستی یان شوێنی مانەوەی ڕێبەری نوێ قووڵتر دەکاتەوە.
هەندێک لەسەرچاوە ئۆپۆزسیۆنەکان پێیانوایە، ئەمشێوازە لەڕاگەیاندن هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی بۆشاییەکی دەسەڵات لەناوخۆی تاراندا.
لەدەقى بڵاوکراوەکەدا، خامنەیی بەتوندی دەستی ئێرانی لەهێرشەکانی سەر تورکیاو عومان شۆردەوەو ئیسرائیلی بە"داڕێژەری ئەم پیلانە" ناوبردوه، هەروەها داوای لەمیدیا ناوخۆییەکان کردوە، تەنها باس لەهێزو دەستکەوتەکان بکەنو خاڵە لاوازەکان فەرامۆشبکەن، کە ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوماڵی ئێران لەجەنگێکی میدیایی قورسدا دەبینرێت.
ناونانی ساڵی نوێ بەساڵی ئابوریی خۆڕاگریی، کە لەپهیامهكهى موجتهبادا هاتوە، نەیتوانیوە سەرنجی ڕای گشتیی لەسەر دیارنەبونی موجتەبا خامنەیی لابدات.
چالاکوانان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەپرسن، "ئەگەر ڕێبەر لەتەندروستییەکی باشدایەو زیاتر لهچوار وێنهى بڵاوكراوهتهوه گوایه وێنهى نوێى ڕێبهرن، بۆچی لەگرنگترین بۆنەی ساڵدا بەڤیدیۆ دەرناکەوێت؟".
ئەم دۆخە تهمومژاویهى میدیای فەرمی ئێران، گومانی ئەوەی لای چاودێران دروستکردوە کە ئایا ئەم پەیامانە ڕاستەوخۆ لەلایەن خودی موجتەبا خامنەییەوە دەردەچن، یان تەنها هەوڵێکی میدیاییە بۆ نیشاندانی کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە لەکاتێکی پڕ لەتەنگژەدا.
بڵاوكردنهوهى پهیامی ڕێبهرى نوێى ئێران لهكاتێكدایه، ئهمڕۆ سەرچاوە هەواڵگرییو میدیاییەکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، موجتەبا خامنەیی کوڕی ڕێبەری پێشوی ئێران، دوای سێ هەفتە لەمانەوەی لەدۆخی بێئاگایی تەواودا (کۆما)، ئەمڕۆ 20ی ئادار لەنەخۆشخانەی لوقمان لهڕۆژئاواى تاران گیانی لەدەستداوە.