شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی شیکاریی ڕۆژنامەی "Pravda"ی ڕوسی، ئەگەر ئەمریکا هەنگاو بەرەو داگیرکردنی دورگەی "خارگ"ی ئێران بنێت، سوپای ئێران تەنها لەماوەی دوو کاتژمێردا توانای تێکشکاندنی هێزەکانی ئەو وڵاتەی دەبێت.
ڕافائیل ئۆردۆخانیان شارەزای کاروباری ئەمریکا، ئەم پلانەی بەقومارێکی مەترسیدار ناوبردوە، چونکە دورگەکە تەنها 25 کیلۆمەتر لەکەناراوەکانی ئێرانەوە دورەو سەرجەم ئامانجە زەبەلاحەکانی ناو دورگەکە پێشوەختە لەلایەن ئێرانەوە نیشانە کراون.
ئۆردۆخانیان جەختدەکاتەوە، بەهۆی کورتیی مەوداکە، هێزە ئەمریکییەکان کاتی پێویستیان نابێت بۆ دروستکردنی چەتری بەرگریی ئاسمانیو تەنها بەیەک وەجبە موشەکیی ورد، پێگەکانیان خاپور دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، پێگەی "Axios" ئاشکرایکردوە، واشنتۆن بژاردەی گەمارۆی دەریایی یان هێرشی سەربازیی بۆ کۆنترۆڵکردنی خەرگ تاووتوێدەکات، کە ئەمە وەک دوا فشار بۆ سەر تاران دەبینرێت.
ئیگۆر کۆرتشینکۆ شرۆڤەکاری سەربازیی، پێیوایە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی زیانی مرۆیی گەورە بۆ ئەمریکا، چونکە جگە لەموشەکی بالیستیو درۆن، ئێران دەتوانێت بەتۆپخانەو موشەکی کورت مەوداش، هێرشبکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکبونەوەی کەشتییە جەنگییەکان بەهۆی بەکارهێنانی بەلەمی خۆکوژو موشەکی سەرشان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، ئەرکێکی یەکجار ئەستەمەو لەوانەیە هێزە ئەمریکییەکان لەناو دورگەکەدا ببنە بارمتە.
دەشڵێت، "ئەم پەرەسەندنە تەنها ڕەهەندی سەربازیی نییە، بەڵکو مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ژێرخانی وزەی وڵاتانی کەنداو، لەڕوی ئابورییەوە، پەککەوتنی دورگەی خارگ دەبێتە هۆی کەمبونەوەی 1.5 بۆ 1.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لەبازاڕەکاندا، کە نرخەکەی بۆ 120 تا 160 دۆلار بەرزدەکاتەوە".
شارەزایانی هەواڵگریی ئەمریکیو بەریتانی هۆشداریدەدەن کە ئەم سەرکێشییە دەکرێت وەک شکستی مێژویی "گالیپۆلی" لێبێتو کارەساتێکی گەورە بۆ سوپای ئەمریکا بخوڵقێنێت، بەتایبەت کە تاران ئامادەیە بەتوندترین شێوە وەڵامی هەر هەوڵێکی لەوجۆرە بداتەوە.
