لەکەرکوک دوو رۆژ دەوام راگیرا

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 119 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەهۆی پێشبینییەکان بۆ زیادبونی ئاستی بارانبارین، پارێزگاری کەرکوک بڕیاریدا دەوامی سبەی چوارشەممە و دوو سبەی پێنجشەممە لەسەرجەم خوێندنگەکانی شارەکە دەوام رابگیرێت، هەروەها بڕیاردرا بۆ رۆژی پێنجشەممە لە زانکۆ حکومی و ئەهلییەکانی شارەکە دەوام رابگیرێت.


پارێزگای کەرکوک لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک، بڕیاریدا بە ڕاگرتنی دەوامی فەرمی بۆ سبەی چوارشەممە و ڕۆژی پێنجشەممە لە تەواوی قوتابخانەکانی کەرکوک، کە (باخچەی ساوایان، سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی) دەگرێتەوە، جگە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی کەرکوک ".

ئەوەشیخستەڕوو،" هەروەها بڕیاردرا بە ڕاگرتنی دەوامی خوێندکارانی زانکۆی کەرکوک، زانکۆی پۆلیتەکنیک و کۆلێژە ئەهلییەکانی (کیتاب، قەڵەم، باباگوڕگوڕ، جەعفەری سادق، و ئیمام ئەعزەم) تەنها بۆ ڕۆژی پێنجشەممە. هاوکات ئیدارەی ئەو زانکۆ و کۆلێژانە سەرپشک کران لە پشوو ڕاگەیاندن بۆ سبەی و ڕۆژانی دواتر، بەو مەرجەی کار نەکاتە سەر خشتەی تاقیکردنەوەکانیان ".

بەپێی راگەیەنراوەکە، پارێزگار جەختی کردەوە کە بڕیاری پشوو پاڵپشت بەو ڕاپۆرتانە دراوە کە لە سەنتەری نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان و کەشناسی دەرچوون، کە ئاماژە بە بەردەوامیی بارانی بەخوڕ دەکەن، ئەمەش لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی قوتابیان و خوێندکارە ئازیزەکانمان.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە فەرمانگەکانی پارێزگا و یەکە کارگێڕییەکان، لەگەڵ لیژنەی قەیران و کارەساتەکان، بەردەوام دەبن لە دەوامی فەرمی و لە دۆخی ئامادەباشی تەواودا دەبن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و پاڵپشتی بۆ تەواوی هاوڵاتیانی کەرکوک.