شارپرێس:
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق هێرشەكەی شەوی ڕابردووی بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە سەرکۆنە كردو دەڵێت، پێویستە عێراق لەلێکەوتەکانی ململانێ هەرێمییەکان دوربخرێتەوە.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، لەڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا بەتوندی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژی و هێرشانە دەکات کە کرانە سەر بارەگاکانی هێزە ئەمنییەکان لەچەند پارێزگایەک و هێزەکانی پێشمەرگە لەهەرێمی کوردستان، کە بەهۆیانەوە ژمارەیەک کارمەندو سەرباز شەهید و بریندار بون.
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە،" کردنە ئامانجی هێزە ئەمنییەکان بەهەموو پێکهاتەکانیانەوە کارێکی ڕەتکراوەیە و پێویستی بەهەڵوێستێکی نیشتمانیی یەکگرتوو هەیە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لەشکۆی دامەزراوە ئەمنییەکان و یەکڕیزیی ناوخۆیی بکرێت لەبەردەم ئاڵنگارییەکاندا".
هەروەها سەرۆکایەتیی پەرلەمان جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە عێراق لەلێکەوتەکانی ململانێ هەرێمییەکان دوربخرێتەوەو نەخرێتە ناو هیچ ڕوبەڕوبونەوەیەک کە خزمەت بەبەرژەوەندییەکانی ناکات، بەڵکو دەبێت کار بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بکرێت و وڵات لەهەر جۆرە گرژییەک بپارێزرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەدوو هێرشدا، شەش موشەکی بالیستیی ئێرانی، هێرش کرایە سەر بارەگایەکی فیرقەی حەوتی پیادەی دەڤەری یەک و هێزێکی فیرقەی پێنجی پیادەی هێزی پێشمەرگە لەسنووری سۆران. لە ئەنجامی هێرشەکاندا، شەش پێشمەرگە شەهید و 30ـی دیکەش بریندار بون.
