وەزیری دەرەوەی سوید: جەنگی ئێران ڕەنگە چەند مانگێک درێژە بکێشێت و هیچ ئاماژەیەک بۆ هێورکردنەوەی دیارنییە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 64 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماریا ماڵمەر، وەزیری دەرەوەی سوید، هۆشداریی دەدات کە رەنگە جەنگی ئێران چەندین مانگ بخایەنێت و جەختیشی کردۆتەوە کە ئاماژەکان بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچن نەک هێوربوونەوە.

 
ماڵمەر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، ڕایگەیاند کە ئەگەری هەڵگیرسانی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی هەرێمیی فراوان لە ئارادایە کە کاریگەریی قورسی نێودەوڵەتیی دەبێت.

روونیشی کردۆتەوە کە درێژەکێشانی ئەم جەنگە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمنیی و کەمبوونەوەی گەیاندنی چەک بۆ ئۆکرانیا، هاوکات دەبێتە هۆی زیادبوونی داهاتەکانی ڕووسیا لە جەنگدا.

 حکومەتی سوید 3 سیناریۆی جیاوازی بۆ پەرەسەندنی ململانێکان ئامادە کردووە، کە مەترسیدارترینیان گریمانەی بەردەوامیی جەنگ بۆ ماوەیەکی درێژ دەکات و کاریگەری نەرێنیی گەورەی لەسەر ئابووریی سوید دەبێت.

وەزیری دەرەوە جەختی کردۆتەوە کە ناسەقامگیری ئێستا پێویستی بە چاودێریی ورد و ئامادەکاری هەیە، چونکە قەیرانە نێودەوڵەتییەکان بە توندی کاریگەرییان لەسەر ئاسایش و ئابووریی ئەورووپا و بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا دروست کردووە.