لەسنوری ناحیەی بەمۆ 14 گەشتیار برینداربون

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 241 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئێوارەی ئەمڕۆ لە نزیک گوندی بەلەسۆ لە سنوری ناحیەی بەمۆ، ڕوداوێکی سەختی هاتووچۆ ڕویدا و لە ئەنجامدا 14 گەشتیار بریندار بون.


بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، ئۆتۆمبێلێکی جۆری مینی پاس کە ژمارەیەک گەشتیاری هەڵگرتبوو و بە مەبەستی گەشتوگوزار ڕویان لە ناوچەکە کردبوو، لە نزیک گوندی بەلەسۆ وەرگەڕاوە. بەهۆی سەختی ڕوداوەکەوە، سەرجەم سەرنشینەکانی ناو پاسەکە کە 14 کەسن، توشی برینداری جۆراوجۆر بون و برینەکانیان سوکە.

دوای ڕوداوەکە دەستبەجێ، سەرجەم بریندارەکانیان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گواستەوە بۆ نەخۆشخانە، تیمەکانی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆش چونە شوێنی ڕوداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردوە بۆ زانینی هۆکاری وەرگەڕانی مینی پاسەکە.