لەڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە داوای كاردانەوەی خێرا لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكرێت

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1327 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران، هێرشی موشەکییەكەی ئەمرۆِ بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە سەرکۆنە دەکات و داوا لەوڵاتانی هاوپەیمان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کاردانەوەی خێرایان بەرامبەر پێشێلکردنی سەروەریی هەرێمی کوردستان هەبێت.
 
 
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەپارێزگای هەولێر بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، بەشەهیدبونی 6 پێشمەرگەو برینداربونی 30 پێشمەرگەی دیکە هاوخەمین لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدو خەڵکی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پێشمەرگەو حکومەتی هەرێمی کوردستان دەردەبڕین و وتیشی،" سەرکۆنەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێزە نزیکەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکات. 
 
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، هێرشی موشەکی و درۆنی سوپای پاسداران بۆسەر بنکەکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناوەندە سەربازی و مەدەنییەکانی هەرێمی کوردستان لەڕۆژی یەکەمی جەنگەکە لە 28ی شوباتەوە بەردەوامە؛ داواش لەوڵاتانی هاوپەیمان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە روبەڕوی هێرشەکانی ئێران بوەستنەوەو هەڵوێست و کاردانەوەی خێرایان لەبەرامبەر پێشێلکردنی سەروەریی سیاسیی هەرێمی کوردستان هەبێت.