شارپرێس:
سەرۆكی ئەمریكا ئاشكرایدەكات، كە تیمێکی باڵا بەسەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس و چەند ڕاوێژکارێکی نزیکی سەرقاڵی دانوستانن لەگەڵ لایەنی ئێرانی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، ئێران بەهۆی تێکشکانی تەواوەتی هێزە سەربازییەکانییەوە ئێستا لەپێگەیەکی لاوازدایە و زۆر پەرۆشە بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن.
ترەمپ باس لەوەش دەکات، تاران وەک نیشانەیەک بۆ نیازپاکی، دیارییەکی گەورەی لەکەرتی وزەدا پێشکەشی واشنتن کردوە.
لەرێوڕەسمی سوێندخواردنی مارکوەین مولین وەک وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی شەڕو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و وردەکاریی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران و ڕایگەیاند، تیمێکی باڵا لەبەرپرسانی ئیدارەکەی و کەسە نزیکەکانی سەرپەرشتیی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران دەکەن کە بریتین لەجەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک؛ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە؛ جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، ڕاوێژکارانی سەرۆکی ئەمریکا.
ترەمپ وتی، خۆیشی وەک سەرۆکی ئەمریکا ڕاستەوخۆ ئاگاداری دانوستاندنەکانەو ئاماژە بەوە دەکات،" ئێرانیەكان زۆر پەرۆشن بۆ رێککەوتن، دوێنێ دیارییەکی گەورە و پڕ بایەخیان بۆ ناردین کە پەیوەندی بەکەرتی نەوت و گازەوە هەیە. ئەمە بۆ من تەنیا یەک مانای هەبوو. ئەوەی کە ئێمە لەگەڵ کەسانی دروستدا مامەڵە دەکەین".
ترەمپ لەوتارەکەیدا بەشانازییەوە باسی لەتوانای سەربازیی ئەمریکا کردو وتی،"سوپای ئێران لەناوچوە، ئێمە لەسێ ڕۆژدا هێزی دەریایی ئەوانمان لەناوبرد، ئێستا هیچ کەسێک نەماوە قسەی لەگەڵ بکەین، چونکە زۆربەی سەرکردەکانیان کوژراون".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی بەئازادی لەئاسمانی شارەکانی ئێراندا دەسوڕێنەوە و وتی،"ئەوان هیچ توانایەکیان نەماوە، تەنانەت ئەگەر بمانەوێ گەورەترین وێستگەی کارەبای جیهان لەو وڵاتەدا تێکبشکێنین، ناتوانن هیچ بکەن".
سەرۆکی ئەمریکا مەرجی سەرەکیی وڵاتەکەی دوپاتکردەوە و ڕایگەیاند،"خاڵی یەکەم، دوەم و سێیەم ئەوەیە کە نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت. ئەوان لەسەر ئەوە ڕازی بون کە پیتاندنی یۆرانیۆمیان نەبێت".
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دۆناڵد ترەمپ ستایشی وڵاتانی کەنداوی کردو وتی،"سعودیە نایاب بووە، ئیمارات و قەتەریش زۆر هاوکار بوون؛" باسی لەوەش کرد کە سیستەمە بەرگرییەکانی ئەمریکا توانیویانە 101 موشەکی ئێرانی کە ئاراستەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا کرابوون، لە ئاسمانی دەریادا بخەنە خوارەوە.
