چەند داوایەکی بەپەلە لەهاتوچۆی سلێمانییەوە

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4266 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەهۆی بەردەوامی بارانبارینەوە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەکات بۆ کاری پێویست نەبێت نەچنە رێگاکانی دەرەوەی شارەکان، هاوکات چەند رێنماییەکیش ئاراستەی شۆفێران دەکات.


بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە ئاگادارییەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە،" ئەمڕۆ و سبەینێ رۆژی هەینی کاریگەری کەش و هەوا بوونی دەبێت و مەترسی لەسەر پڕۆسەی شۆفێریکردن دروست دەکات و بەهەموو شێوەیەک بەرەو ناوچە شاخاوی و سەیرانگاکان نەچن بەهیچ شێوەیەک تا کۆتایی کاریگەری ئەو شەپۆلە ".

بەپێی ئاگادارییەکەی هاتوچۆی سلێمانی، ئەو شۆفێرانەی ناچارن بچنە دەرەوەی شار، پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکەن:
1. هەرگیز بەخێرایی شۆفێری مەکە و پابەندبە بە خێراییە دیاریکراوەکانەوە.
2. ماوەی سەلامەتی بپارێزە و نزیک مەبەرەوە لە ئۆتۆمبێلەکانی بەردەمت
3. بەردەوام دوگمەی لابەری تەم لە جامی پێشەوە و دواوە لە کارکردندا بێت
4. خۆت مەدە بەر هەرکۆبوونەوەیەکی ئاوی سەر ڕێگاکان چونکە تۆ نازانیت بەرزی و قوڵی ئەو ڕێژە باراناوە چەندە.
5. ئاواز و مۆسیقاو گۆرانی سەرقاڵت نەکەن لەگەشتەکەتدا.
6. هەرگیز مۆبایل بەکار نەهێنیت لەکاتی شۆفێریکردندا.
7. پێویستە خۆت و سەرجەم سەرنشینی ناو ئۆتۆمبێلەکەت پشتوێنی دڵنیایی (حزام الأمان) بەکاربهێنن.
8. دڵنیابە بەر لە دەستپێکی شۆفێریکردنت پاکەرەوەی جامەکان (فڵچەی جامەکان) بەباشی کاربکەن و دەبەی تایبەتمەندی پڕ ئاوبێت.
9. ئیستۆپی کت و پڕ مەگرە و لەکاتی پێویست ئارام بە و کۆنترۆڵی ستێرن (سوکان) ی ئۆتۆمبێلەکەت بکە و هەمیشە ئەوەت لەیاد بێت ئاراستەی تایەکانی دواوە شوێنکەوتەی ئاراستەی تایەکانی پێشەوەیە.
10. لەکاتی بارانبارین سەلامەتتر وایە سیستەمی کۆنترۆڵکردنی خێرایی (تحدید سرعە) بەکارنەهێنیت.
11. ئەگەر ئۆتۆمبێلەکەت سیستەمی ABS ی هەبوو هەرگیز لەکاتی برێک کردن پایدەری ئیستۆپەکەت بەشێوەی پچڕپچڕ بەکار مەهێنە چونکە بەم کارەت سەر لێشێواندن بۆ سیستەمی ABS دروست دەبێت و کارا نابێت.
12. لە حاڵەتی وەستانی لەناکاو یان ڕیز بەستن، ڕووناکی یاخود گڵۆپی چواری بەکاربهێنە.
13. ئەگەر زانیت کەم و کورتی لە ڕووی مەرجی توندوتۆڵی لە ئۆتۆمبێلەکەتدا هەیە وەک (برێک، تایەکان، بزوێنەر، ڕووناکییەکان) پێویستە ئەو گەشتەت ئەنجام نەدەیت تاکاتی چارەسەرکردنیان.