هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی لەگەروی هورمز پێكدەهێنرێت

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 847 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئاشكرایكرد، سەرۆکی فەرەنسا پلانی هەیە هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی دەریاوانی لەگەروی هورمز پێکبهێنێت.

 
ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پلانی هەیە هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی دەریاوانی لەگەروی هورمز پێکبهێنێت.

دەشڵێت، ئامانجی ئەم هاوپەیمانییە پاراستنی سەلامەتیی گواستنەوەی دەریایی و دابەزاندنی نرخی وزەیە لەبازاڕەکانی جیهاندا.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڕوسیای تۆمەتبار کرد بەوەی هاوکاریی ئێرانی کردوە لەهێرشکردنە سەر پێگەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وتی، "هەموو ئاماژەکان وامان لێدەکەن بیر لەوە بکەینەوە کەڕوسیا لەجەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هاوکاریی ئێران دەکات بۆ لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا".

ڕونیشیکردەوە، پێویستە گرژییەکانی گەروی هورمز کۆتاییان بێت و ئارامی بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان بگەڕێتەوە، هەر بۆ ئەو مەبەستەش ماکرۆن کار بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی فراوان دەکات بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی.

سەبارەت بەگرژییەکانی ناوچەکە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەختی کردەوە، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو بێ پاساون و دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانن، ئاماژەی بەوەش کرد، کە وڵاتانی کەنداو بەشێک نین لەو شەڕو ململانێیەی لەنێوان ئیسرائیل و ئەمریکاو ئێراندا بەردەوامی هەیە.

ئەمە لەكاتێكدایە، بەداخستنی گەروی هورمز مەترسی داڕوخانی دۆخی ئابوری كەوتۆتە سەر ئابوری سەرجەم وڵاتانی ناوچەكەو جیهان.