شارپرێسڵ
لەکاتێکدا زۆربەی رووماڵە میدیایییەکان سەرنجیان خستۆتە سەر پشێوییەکانی
بازاڕی نەوت بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، بەڵام ماددەیەکی دیکە کە بایەخ و گرنگییەکەی لە
نەوت کەمتر نییە کە ئەویش هیلیۆمە، بە شێوەیەکی بەرچاو بەو جەنگە کاریگەر بووە.
ئەم گازە لە کێڵگەکانی گازی سروشتی دەردەهێنرێت و دابینکردنی تووشی گرفت بووە
بەهۆی ئەو پەککەوتنەی بەر بەرهەمهێنانی گازی قەتەر کەوتووە، جگە لە کاریگەریی
داخستنی گەرووی هورمز لەسەر جووڵەی گواستنەوە.
هیلیۆم بە توخمێکی زۆر گرنگ لە ژمارەیەکی زۆر لە پیشەسازییە پێشکەوتووەکاندا
دادەنرێت، بەتایبەتیی پیشەسازیی نیوەگەیەنەرەکان کە بۆ کارپێکردنی تەکنەلۆژیاکانی
ژیریی دەستکرد بەکاردێن. هەروەها لە کارپێکەرەکانی دیکەی وەک چاپکردنی تیشکیی ورد،
وێنەگرتنی پزیشکی، پیشەسازیی ئەلیکترۆنی و کەرتی بۆشایی ئاسمانیشدا بەکاردێت.
لێرەدا گرنگیی قەتەر بە شێوەیەکی تایبەت دەردەکەوێت، چونکە نزیکەی 30%ی پێداویستیی
جیهانی لە هیلیۆم بەرهەم دەهێنێت، ئەمەش وا دەکات هەر پەککەوتنێک لە بەرهەمهێنان یان
هەناردەکردنی، کاریگەرییەکی بەرفراوانی لەسەر بازاڕی جیهانی هەبێت.
ئەو بۆردومانەی کە دامەزراوە پیشەسازییەکانی راس لافانی کردە ئامانج، بووە
هۆی پەککەوتنی بەشێکی بەرهەمهێنان و قەیرانەکەی قووڵتر کردەوە.
وڵاتانی وەک کۆریای باشوور و تایوان بە شێوەیەکی زۆر پشت بە هاوردەکردنی هیلیۆم
لە ناوچەی کەنداو دەبەستن و رێژەیەکی زۆری پێداویستییەکانیان لەوێوە دابین دەکەن،
ئەمەش وادەکات پیشەسازییە تەکنەلۆژییەکانیان ڕاستەوخۆ بکەونە ژێر کاریگەریی هەر
کورتهێنانێک لەم ماددە زیندووەدا.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
