شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی
هەرێم پێشبینی دەکات ئەم شەپۆلی بارانبارینە لەهەرێمی کوردستان تا ئێوارەی سبەینێ
بەردەوام بێت، شارەزایەکی کەشناسیش دەڵێت، شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین بەڕێوەیە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویکردەوە،
ئەمڕۆ هەینی بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنوریەکانی باکور و باکوری رۆژهەڵاتی
هەرێم دەبارێت و بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکان بەردەوام دەبێت، هەندێک کاتیش لە
سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان باران بە شێوەی لێزمەباران دەبێت.
لەبارەی کەشوهەوای سبەینێش ئاماژەی بەوەکرد، نمەباران و بارانی
مامناوەند بە پچڕپچڕی دەبارێت بە تایبەت لە ناوچەکانی باکور و باکوری رۆژهەلات،
پێشبینی دەکرێت رێژەی دابارین زیاتر بێت بەراورد بە ناوچەکانی تر هەروەها، پلەکانی
گەرما هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبن.
هاوکات، ئاراس جەبار،
شارەزای کەشناسی باسی لەوەکرد،" لە
نیوەڕۆی یەکشەممەوە، جارێکی دیکە ناوچەکانمان دەکەوێتەوە ژێر کاریگەریی هاتنی
نزمەپاڵەپەستۆیەکی نوێی دەریای ناوەڕاست و بارانبارین دەستپێدەکاتەوە ".