شارپرێس:
229 ئەندامی پەرلەمانی عێراق داوایەکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتی
پەرلەمان دەکەن بۆ ئەوەی رۆژی دوشەممە دانیشتنێکی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک
کۆمار بەڕێوەبچێت، کە ناوی ئەندامانی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی وەک یەکێتی،
هەڵوێست و نەوەی نوێی تێدایە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، ئەندامانی پارتیش تاکو رۆژی دوشەممە کاتیان لەبەردەمدایە ناویان بنوسن.
سروە محەمەد، ئەندامی
فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکی تایبەتدا بە شارپرێسی وت،"
بەهۆی ئەو دۆخە چەقبوەستوە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەی عێراقی گرتوەتەوە، 229 ئەندامی پەرلەمانی عێراق
داوایەکیان ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردوە بۆ ئەوەی رۆژی دوشەممە دانیشتنی
تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بکرێت ".
ئەو پەرلەمانتارەی
یەکێتی وتیشی،" لە کۆی 329 ئەندامی پەرلەمانی عێراق، هەر دانیشینێک پێویستی بە نیسابی 220 پەرلەمانتارە، بۆیە ژمارەی ئەو
پەرلەمانتارانە زۆرن کە داوای ئەنجامدانی دانیشتنەکە دەکەن و لەئێستادا چاوەڕوانی
دەستەی سەرۆکایەتی دەکەین بۆ ئەوەی وەڵامی داواکارییەکەمان بداتەوە ".
لەبارەی هەڵوێستی فراکسیۆنە
کوردستانییەکانیش، سروە محەمەد باسی لەوەشکرد، لە لیستی داواکارییەکەدا ناوی
ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی، هەڵوێست و نەوەی نوێ هەیە، بەڵام تاکو ئێستا هیچ پەرلەمانتارێکی
پارتی ئەو داوایەی نەکردوە و تاکو رۆژی دوشەممە کاتیان لەبەردەمدایە ئەوانیش ناویان لە لیستی ئەو داواکارییەدا بنوسن.
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی
وتیشی،" کاندیدی ئێمە وەک خۆی ماوەتەوە و نزار ئامێدیە ".
